سكرتێری په‌رله‌مان پێشوازی له‌شاندێكی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی عیراقی كرد

27/12/2007 01:31:00 م

سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 27/12/2007 به‌ڕێز فرسه‌ت ئه‌حمه‌د سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان له‌نووسینگه‌ی خۆی پێشوازی له‌شاندێكی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی عیراقی كرد به‌سه‌رۆكایه‌تی به‌رێز ئه‌سوه‌د ئه‌لمونشیدی نه‌قیبی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی عیراق، له‌دیدارێكدا كه‌ نه‌قیب و ئه‌ندامانی سه‌ندیكای پارێزه‌رانی كوردستان ئاماده‌بوون، ئه‌رك و كاره‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان خرایه‌ به‌رباس، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان وێرای تیشك خستنه‌ سه‌ر ئه‌ركه‌ گرنگه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ له‌هه‌موو رووێكه‌وه‌ هیچی كه‌متر نیه‌، له‌گرنگی و ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانی وڵاتان. ئه‌وه‌شی خسته‌ روو كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ر له‌ڕووخانی رژێم به‌پشت به‌ستن به‌پرنسیپه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كار و ئه‌ركی په‌رله‌مانی وڵاته‌ دیموكراته‌كان وه‌ك په‌رله‌مانێكی سه‌ربه‌خۆ ته‌نها له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ مامه‌ڵه‌ی ده‌كرد كه‌ له‌گه‌ڵ باردۆخی نوێی هه‌رێمی كوردستان گونجاون.

 

هاوكات تیشك خرایه‌ سه‌ر په‌یوندیه‌كانی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقی . له‌مباره‌یه‌وه‌ سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ پرنسیپه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی یاسا و بریاره‌ گرنگ و چاره‌نووسازه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌پشت به‌ستن و سوود وه‌رگرتن له‌ بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق بووه‌ كه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی عیراق ده‌نگیان بۆ داوه‌و وه‌ك په‌رله‌مانی هه‌رێمێكی فیدراڵی ره‌چاوی هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسی و یاساییه‌كان و ده‌سه‌ڵاته‌كان كراوه‌.

                                                                       

 


رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ