دانیشتنی كۆتایی خولی هه‌ڵبژاردنی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو

31/10/2018 02:39:00 م
به‌مه‌به‌ستی كۆتاییهێنان به‌ خولی هه‌ڵبژاردنی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌عات 12ى نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ  2018/10/31، په‌رله‌مانى كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و  بێگه‌رد دڵشاد تاڵه‌بانی، جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (1)ى نائاساییی خولی به‌هاره‌، ساڵی پێنجه‌م له‌ خولی چواره‌مى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجامدا.
دوای خوێندنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ كه‌له‌ دوو خاڵ پێكهاتبوو،  كه‌ بریتی بوون له‌ كۆتاییهاتنی خولی هه‌ڵبژاردنی چواره‌می په‌رله‌مان به‌ پێی حوكمی ماده‌ی (6) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق و وتارى جێگرى یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی كۆتاییهاتنی خولی هه‌ڵبژاردنی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق.
 
 
 
دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ وته‌یه‌كی پێشكه‌شكردو تیایدا به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ سوپاسی ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی كوردستانى كرد و ده‌ستخۆشیی لێكردن كه‌ له‌ماوه‌ى پێنج ساڵى رابردوودا له‌هه‌لومه‌رجێكى  سه‌خت و قۆناغێكى هه‌ستیاردا، خه‌مخۆرانه‌ و به‌رپرسانه‌، هه‌وڵیاندا ئه‌ركه‌كانى سه‌رشانیان بۆ خزمه‌تى خه‌ڵك راپه‌ڕێنن.
هه‌ر له‌وته‌كه‌یدا جێگرى یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ماوه‌ى كارى خولی چواره‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانى له‌ هه‌ر سێ بوارى یاسادانان و چاودێریكردنی كاره‌كانی حكومه‌ت و په‌سندكردنی بودجه‌دا هه‌ڵسه‌نگاند  و ئه‌دای په‌رله‌مانی به‌سه‌ر سێ قۆناغی جیاوازدا دابه‌ش كرد كه‌ ئه‌وانیش قۆناغی هه‌ماهه‌نگی و پێكه‌وه‌ كاركردن و قۆناغی لێكدابڕان و قۆناغی یه‌كگرتنه‌وه‌ بوون.
هه‌ر له‌وته‌كه‌یدا جێگرى یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئاماژه‌ی به‌و یاسا و بڕیاره‌ گرنگانه‌دا كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌دوو ساڵى یه‌كه‌مى خولى چواره‌مدا له‌بواره‌ جیاجیاكاندا دایڕشتوون كه‌ گرنگترینیان یاساى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسی له‌ هه‌رێمى كوردستان و یاسای پێدانى بودجه‌ى حزبه‌كان و یاساى زمانه‌ فه‌رمییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و یاساى راكێشانى مایه‌  له‌رێگاى قه‌رزكردن و یاساى سه‌ندوقی داهاته‌ نه‌وتیى و گازییه‌كان و یاساى پڕۆژه‌ى ده‌ستوورى  هه‌رێمى كوردستان و یاسای پاراستنى مافی پێكهاته‌كان، هه‌روه‌ها هه‌مواركردن و به‌ركاركردنى چه‌ندین یاساى ترى هه‌رێم و حكومه‌تى فیدراڵى له‌په‌رله‌ماندا.
 
 
 
سه‌باره‌ت به‌و بڕیاره‌ گرنگانه‌شی كه‌ له‌ماوه‌ى دوو ساڵى یه‌كه‌می خولى چواره‌مى په‌رله‌ماندا ده‌ركراون، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "له‌و ماوه‌یه‌دا په‌رله‌مان 35 بڕیارى گرنگ و كاریگه‌رى ده‌ركردووه‌، له‌وانه‌ (بڕیارى ژماره‌ى 28 تایبه‌ت به‌ناردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان بۆ یارمه‌تیدان و پشتیوانیكردنى خه‌ڵكى خۆڕاگرو به‌وره‌ى رۆژئاواى كوردستان، كه‌به‌هۆیه‌وه‌ گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر تیرۆریستانى داعش له‌شارى كۆبانێ تۆماركرا، هه‌روه‌ها بریارى ناونانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌پایه‌ته‌ختى ئاشتى له‌هه‌رێمى كوردستان، بڕیارى پێكهێنانى لیژنه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و به‌جینۆسایدناساندنى تاوانه‌كانى دژ به‌پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان، بڕیارى ره‌تكردنه‌وه‌ى  بڕیاره‌كانى حكومه‌تى فیدڕِال و ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق  كه‌ له‌ 30-9-2018 ، له‌دژى هه‌رێمى كوردستان ده‌ركراو به‌گشتى له‌و خوله‌دا 59 بڕیار له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا دره‌كراوه‌". 
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا جێگرى یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان تیشكی خسته‌ سه‌ر  قه‌یرانه‌ سیاسی و دارایی و ئابوورییه‌كانى هه‌رێم و  ناكۆكیی لایه‌نه‌كان  و لادان له‌ بنه‌ماى سازان و ته‌وافوق  له‌سه‌ر یاساو پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌كان  به‌تایبه‌تی  له‌سه‌ر هه‌مواركردنى یاساو ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و قوڵبوونه‌وه‌ى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا و به‌رده‌وامبوونى شه‌ڕی دژ به‌تیرۆر، به‌داخه‌وه‌ بوونه‌ مایه‌ى  ئه‌وه‌ى نزیكه‌ى دوو ساڵ په‌رله‌مان نه‌توانێ كۆببێته‌وه‌ و دانیشتن بكات، كه‌ كاریگه‌ریى نه‌رێنیى كرده‌ سه‌ر ئه‌داى په‌رله‌مان به‌تایبه‌تى له‌ هه‌مواركردن و داڕشتنى یاسا و بڕیار و چاودێریكردنى حكومه‌تدا وئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌  له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ر 22 لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان له‌كارى خۆیان و سه‌ردانى مه‌یدانى به‌رده‌وامبوون و راپۆرت و به‌دواداچوونى خۆیان له‌سه‌ر پرسه‌ جۆراوجۆره‌كان داوه‌ته‌ سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان. 
 
 
 
هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌ سه‌ر  دۆخی سیاسی و پێشهاته‌كانى هه‌رێم و ناوچه‌كه‌و قوڵبوونه‌وه‌ى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر پرسه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان به‌گشتى كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ جۆریك له‌نزیكبوونه‌وه‌و هه‌ماهه‌نگیى زیاتر له‌ئاستى حزبه‌ كوردستانییه‌كان هاته‌ پێشه‌وه‌ و رایگه‌یاند: "له‌ 15ى ئه‌یلولی ساڵى 2017 جارێكى تر په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ستى به‌دانیشتنه‌كانى كرده‌وه‌و كۆتایی به‌دۆخى چه‌قبه‌ستوویى سیاسیی هه‌رێم و په‌رله‌مان هات و دواى كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان، سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتاران و فراكسیۆنه‌كان به‌گیانێكى تازه‌ترو لێكتێگه‌یشتنى زیاتره‌وه‌ شانیان دایه‌وه‌ پاڵ كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان بۆ ده‌رچوواندنى یاساو بڕیاره‌كان، ئه‌وه‌بوو  له‌ماوه‌ى ئه‌و ساڵ و سێ مانگه‌دا په‌ره‌مان 8 بڕیار و   15 یاساى نوێى ده‌رچوواند، كه‌ گرنگترینیان (یاساى درێژكردنه‌وه‌ى خولى هه‌ڵبژاردنى چواره‌می په‌رله‌مانى كوردستان بۆ  دوو  خولی گرێدان، یاساى دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێم، یاساى  لێبووردنى گشتى  له‌هه‌رێمى كوردستان و یاساى  به‌خشین و چاندنى ئه‌ندامه‌كانى له‌شی مرۆڤ  له‌هه‌رێمى كوردستان و یاساى رێگریكردن له‌ زیارده‌ڕۆیی و لابردنى له‌سه‌ر زه‌وى و زارو موڵكى  ده‌وڵه‌ت و یاساى هه‌ڵپه‌ساردنى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و یاساى  نه‌هێشتنى بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ  و هه‌مواركردنى سێیه‌مى یاساى پیاده‌كردنى یاساى به‌كرێدانى خانوو به‌ره‌ له‌هه‌رێمى كوردستان". 
هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا جێگرى یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه‌ى به‌ ژماره‌ی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان و داڕشتنی یاسا و بڕیارانه‌دا كه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و پێنج ساڵه‌ى ته‌مه‌نى خولى چواره‌مدا ئه‌نجامدراون و ده‌ركراون و رایگه‌یاند: "له‌بوارى داڕشتنى یاساو بڕیادرا په‌رله‌مان له‌خولى چواره‌مدا  131 دانیشتنى ئه‌نجام داوه‌ كه‌تیایدا 309 پڕۆژه‌ یاسا و بڕیار پێشكه‌شكراون و 206 یان خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌میان بۆكراوه‌ و ئاراسته‌ى لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كراون، 103 پرۆژه‌ش ماوه‌و خوێندنه‌وه‌یان بۆ نه‌كراوه‌، هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا په‌رله‌مان 33 یاساى داڕشتوه‌، كه‌ 31یان  وه‌ك یاسا ده‌رچووێندراون، هه‌روه‌ها دوو پرۆژه‌ یاساش ره‌تكراونه‌ته‌وه‌، كه‌ یه‌كه‌میان پرۆژه‌ یاساى هه‌مواركردنى یاساى خۆپیشاندان بوو كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكى هه‌ریم ره‌تكرایه‌وه‌، دووه‌میشیان پڕۆژه‌ یاساى چاكسازى بوو له‌ 2018 كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان ره‌تكرایه‌وه‌". 
 
 
 
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا جێگرى یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌ كۆتا كارى په‌رله‌مانی كوردستان كرد له‌ داڕشتنی یاسادا كه‌ ئه‌ویش هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان بوو و رایگه‌یاند: "په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان به‌شێوه‌كى باش و سه‌ركه‌وتووانه‌ هه‌مواركرایه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌ركى ئه‌م قۆناغه‌ى په‌رله‌ماندا بگونجێ. ئێستا په‌یڕه‌وى نوێى په‌رله‌مان چاپكراوه‌ و ئاماده‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى بخرێته‌ به‌رده‌ستى ئه‌ندامانى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان كه‌ له‌ رۆژانى داهاتوودا به‌فه‌رمى سوێندى یاسایى ده‌خۆن  و وه‌ك په‌رله‌مانتار ده‌ستبه‌كار ده‌بن، هه‌مواركردنه‌وه‌ى په‌یڕه‌و هه‌نگاوێكى گرنگ بوو بۆئه‌وه‌ى په‌رله‌مانى خولى پێنجه‌م به‌ ئالیه‌ت و میكانیزمێكى پێشكه‌وتووتره‌وه‌ كارى ره‌قابى و داڕشتنى یاسا و گفتوگۆى بودجه‌ جێبه‌جێ بكات". 
هه‌ر له‌وته‌كه‌یدا جێگرى یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌ركى چاودێریكردنی حكومه‌ت و پرسیاركردن و  سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كانی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان بۆ كارى وه‌زاره‌ته‌كان و به‌دواداچوونی كێشه‌و داخوازییه‌كانی خه‌ڵك و پێكهێنانی چه‌ندین لیژنه‌ی كاتی بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌و گرفته‌كان و به‌دواداچوونی داخوازییه‌كان و ئاماده‌كردنی چه‌ندین پڕۆژه‌ی جۆراوجۆر كرد له‌ماوه‌ی ئه‌وخوله‌دا.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا جێگرى یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان، باسی له‌ بودجه‌ی هه‌رێم و ناردنی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان  و ئه‌ركى په‌رله‌مان له‌ گفتوگۆكردنى بودجه‌دا كرد و رایگه‌یاند: "به‌داخه‌وه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى ده‌ستبه‌كاربوونى خولى چواره‌مى په‌رله‌مان به‌هۆى بڕینی17% به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداو دابه‌زینی نرخى نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانى جیهانى و به‌رده‌وامبوونى شه‌ڕی دژ به‌تیرۆریستانی داعش، هه‌رێمى كوردستان دووچارى قه‌یرانێكى سه‌ختی دارایی و ئابوورى بۆوه‌، به‌هۆیه‌وه‌ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران نه‌یتوانى وه‌ك له‌یاسا و په‌یڕه‌وى ناوخۆدا هاتووه‌، به‌ر له‌ساڵى دارایی پڕۆژه‌ى بودجه‌ى ئاراسته‌ى په‌رله‌مان بكات، یا له‌واده‌ى خۆیدا ژمێره‌ى كۆتایی له‌ مانگى نیسانى هه‌موو ساڵێك پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان بكا، بۆئه‌وه‌ى نوێنه‌رانى گه‌ل به‌شێوه‌یه‌كى شه‌فاف گفتوگۆ له‌سه‌ر خه‌رجى و داهاتى ساڵانه‌ى هه‌رێم بكه‌ن و په‌سند بكرێت".  
هیوای خواست كه‌ له‌خولى پێنجه‌مى په‌رله‌ماندا پڕۆژه‌ى بودجه‌ى هه‌رێم له‌واده‌ى یاسایی خۆیدا پێشكه‌ش بكرێت، به‌تایبه‌تى كه‌ئێستا دۆخى دارایی و ئابووریى هه‌رێم و نرخی نه‌وتیش له‌بازاڕه‌كانى جیهان له‌ئاستێكى باشتردایه‌، هه‌روه‌ها هیواى خواست كه‌ كێشه‌ى بودجه‌ى هه‌رێمیش له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فیدڕال له‌سه‌ر بنه‌ماى دیاریكردنى 17%  بۆ هه‌ریم  چاره‌سه‌ر بكرێت تائه‌و رۆژه‌ى سه‌رژمێرییه‌كى سه‌رتاسه‌رى له‌عێراق ئه‌نجام ده‌درێ.
 
 
سه‌باره‌ت به‌ بوارى دیپلۆماسییه‌تی په‌رله‌مانیش جێگرى یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئاماژه‌ی به‌ گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی وڵاتان كرد و ئاماژه‌ی به‌ ژماره‌ی سه‌ردانه‌كانى سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان و بۆ په‌رله‌مانی وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و سه‌ردانی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان  و په‌رله‌مانتاران  بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و 1ماره‌ی سه‌ردانه‌كانی په‌رله‌مان و دیپلۆماتانی وڵاتانی بیانی بۆ په‌رله‌مانی كوردستان كرد.
هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا جێگرى یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان، باسی له‌ به‌شه‌ جیاجیاكانی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و ئه‌و چالاكی و كۆڕ و سیمینار و وۆركشۆپانه‌ كرد كه‌ له‌ناو په‌رله‌مان و ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان ر ێكخرابوون، سوپاس و پێزانینی خۆی و سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ سه‌رۆكایه‌تیی دیوانی په‌رله‌مان و سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان راگه‌یاند.
- له‌بوارى هه‌ماهه‌نگیی میدیایی و رۆلی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی راگه‌یاندنی په‌رله‌مانی كوردستانیش، جێگرى یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان، رایگه‌یاند: "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى راگه‌یاندنى په‌رله‌مان هاوكارى و كارئاسانیی زۆرى بۆ رۆژنامه‌نووسان و میدیاكارانى كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن كردووه‌ و جارێكى تر له‌م خوله‌دا دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان راسته‌وخۆ په‌خش كرانه‌وه‌ و بۆ یه‌كه‌مجاریش دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان راسته‌وخۆ له‌سه‌ر ماڵپه‌رى په‌رله‌مانى كوردستان  په‌خش و بڵاوكرایه‌وه‌ و له‌ رووى ئه‌رشیفی دانیشتنه‌كان و چالاكیى لیژنه‌كان، راگه‌یاندنى په‌رله‌مان پیشه‌نگ بوو له‌جێبه‌جێكردنى یاساى مافی ده‌ستكه‌وتنى زانیارى له‌رێى كردنه‌وه‌ى بانكی زانیارى بۆ پێدانى زانیارى و وێنه‌ و ده‌قی ڤیدیۆیی دانیشتنه‌كان و چالاكییه‌كانى په‌رله‌مان به‌سه‌ر په‌رله‌مانتاران و رۆژنامه‌نووسان و كه‌ناڵه‌كان و توێژه‌رانى بوارى كارى په‌رله‌مانى".  
 
 
 
هه‌روه‌ها سوپاسی سه‌رجه‌م میدیاكاران و كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندنى كرد كه‌ له‌ماوه‌ى ئه‌و خوله‌دا له‌گه‌ڵ په‌رله‌ماندا هاوكاربوون له‌ گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی په‌رله‌مان و رایگه‌یاند: "دیاره‌ میدیا به‌گشتى و رۆژنامه‌نووسان به‌تایبه‌تی له‌سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیادا رۆلێكى كاراو گرنگیان هه‌یه‌ له‌گواستنه‌وه‌ى هه‌واڵ و زانیارییه‌كان و دروستكردنى راى گشتیدا، بۆیه‌ لێره‌وه‌ جێى خۆیه‌تى سوپاس و ده‌ستخۆشى له‌ته‌واوى میدیاكاران و كه‌ناڵه‌كانى راگه‌یاندن بكه‌ین كه‌ له‌ ماوه‌ى ئه‌م پێنج ساڵه‌ى خولى چواره‌مدا له‌گه‌ڵماندا ماندووبوون، شه‌وو رۆژ ئه‌ركى زۆریان كێشا تارووماڵى دانیشتنه‌كان بكه‌ن و ده‌نگ و ره‌نگى په‌رله‌مان و هه‌ڵویستى فراكسیۆنه‌كان به‌ كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك بگه‌یه‌نن".
له‌ كۆتایی وته‌كه‌شیدا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌بۆنه‌ى راگه‌یاندنى ئه‌نجامى كۆتایی خولى پێنجه‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان كه‌ له‌ 30-9-2018 به‌ڕێوه‌چوو، به‌ناوى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌، پیرۆزبایی له‌ گه‌لى كوردستان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌زرى شه‌هیدان و  هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و  كاندیده‌ ده‌رچووه‌كانى  خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مان كرد و هیوای خواست دواى چه‌ند رۆژێكى تر دانشیتنه‌كانی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان ده‌ستپێبكات بۆئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان نه‌كه‌وێته‌ بۆشایی یاساییه‌وه‌ و رایگه‌یاند: "په‌رله‌مانتارانى هه‌ڵبژیردراو و هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌چوار ساڵى داهاتووى حوكمڕانى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا، له‌به‌رده‌م ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كى گه‌وره‌دان، پێویسته‌ به‌گیانى هه‌ماهه‌نگى و پێكه‌وه‌ كاركردن و  ره‌چاوكردنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانى گه‌له‌كه‌مان ئه‌رك و به‌رپرسیارێتیى خۆیان راپه‌رێنن  بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى كه‌به‌ده‌نگده‌رانیان داوه‌،  له‌پێناو  تێپه‌ڕاندنى دۆخی قه‌یرانه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كانى ساڵانى رابردوو و ده‌ستپێكردنى قۆناغێكى تازه‌ له‌كارى هاوبه‌ش و لێكتێگه‌یشتن بۆ رێكخستنه‌وه‌ى نێوماڵى كورد و به‌واداچوونی كێشه‌كانى خه‌ڵك و پێكهێنانى حكومه‌تێكى نوێ، كه‌ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانه‌كان و باشكردنى بارو گوزه‌رانى هاووڵاتییان و فه‌رمانبه‌ران  بكاته‌ ئه‌وله‌ویه‌تى به‌رنامه‌ى كارى كابینه‌كه‌ى و هیوادارین په‌رله‌مانى نوێ  بتوانێ سه‌ركه‌وتووانه‌ ئه‌ركه‌كانى خۆی له‌چاودێرى و به‌دواداچوونى حكومه‌ت و داڕشتنى یاسا و بڕیاره‌ گرنگ و چاره‌نووسسازه‌كانى گه‌لى كوردستاندا جێبه‌جێ بكات".

رۆژمێرى رووداوه‌كان