جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پیرۆزبایی لە نادیا موراد دەكات بەبۆنەی پێبەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی

05/10/2018 12:40:00 م

دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی خاتوو "نادیا موراد" كرد بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، ، ئەمە دەقەكەیەتی:

 بەرێز خاتوو " نادیا موراد"

 بەبۆنەی بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، بە ناوی خۆمان و پەرلەمانی كوردستانەوە پیرۆزباییتان لێدەكەین و بە شانازییەوە دەروانینە ئەو هەنگاوە گرنكەی، كە مایەی خۆشخاڵی هەموو گەلی كوردستانە و پاداشت و رەنگدانەوەی ئەو خەبات و بەرگەگرتن و قوربانیدانی ئافرەتی كوردی ئێزدییە دژ بە زوڵم و ستەمكاریی و جینۆساید.

بێگومان، ئەم خەلاتە نێودەوڵەتییە شایستەی ئێوەی بەرێزە بەرامبەر ئەو خەبات و كارو چاڵاكییانەی ئەنجامتانداوە لە بواری مافی مرۆڤ و ئاشتیدا لە سەر ئاستی هەموو جیهان، ئەویش دوابەدوای ئەو كارەسات و جینۆسایدەی بەسەر كوردانی ئێزدی هاتووە لە سەر دەستی تیرۆریستان و ئێوەش هێمای ئەو قوربانیدانەن .

دووبارە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هیوای بەختەوەریتان بۆ دەخوازین.

 

جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

5/10/2018


رۆژمێرى رووداوه‌كان