جێگری سەرۆكی پەرلەمان پێشوازیی لە شاندێكی رێكخراوی هارتلاند ئەڵایەنسی نێودەوڵەتی دەكات

27/08/2018 11:46:00 ص

ئەمڕۆ 27/8/2018 دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازیی لە شاندێكی رێكخراوی هارتلاند ئەڵایەنسی نێودەوڵەتی كرد، كە پێكهاتبوو لە بەرێوەبەری بەرنامەی عیراق لە رێكخراوی هارتلاند و ستافێكی رێكخراوەكە.

لە كۆبوونەوەیەكدا، بە ئامادەبوونی سەرۆكی لیژنەی یاسایی و سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤ و سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەركە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە ناوی پەرلەمانەوە، سوپاسی رێكخراوی هارتلاند كرد بۆ ئەو هەماهەنگییەی لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان و پێشكەشكردنی تێبینییەكان لە سەر پرۆژە یاساكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەروەها دوستخۆشیشی لە لیژنە پەیوەندیدارەكان و سەنتەری توێژینەوە لە پەرلەمانی كوردستان كرد بۆ ئامادەكردنی پێشنیارەكانی پێویست بۆ دەوڵەمەندكردنی یاسایەكە كە ماددەكانی لە گەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەكان بگونجێن.

بەرێوەبەری بەرنامەی عیراق لە رێكخراوی هارتلاند بۆختەیەكی دەربارەی كار و ئامانجەكانی رێكخراوەكەیان، كە لە ساڵی 2004 ەوە لە عیراق كاردەكات، خستەڕوو و ئاماژەشی بەو ژمارە پرۆژانە كرد كە ئەنجامیانداوا، هەروەها ئەو پرۆپۆزەڵانە كە ئامادەیان كردووە بۆ هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا و پێشكەشكردنی تێبینییەكان لەسەر دارشتنی یاساكان و چۆنیەتی چارەسەركردنی كەموكورییان، ئەویش بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان و بەتایبەتیش یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. لە لایەن خۆشییەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئەم یاسایە بە زۆر گرنگ وەسفكرد و جەختی لەسەر پێویستیی رەچاوكردنی ستاندارە نێودەوڵەتییەكان و مافەكانی مرۆڤ كرد و وتی: ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان هەموو تێبینییەكان بە هەند وەردەگرین و سوپاسی هەموو ئەو هەوڵانەش دەكەین كە بە ئاراستەی دەوڵەمەندكردنی یاساكان لە هەرێمی كوردستان دەدرێن.  


رۆژمێرى رووداوه‌كان