لە سەر داوای ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران تەواوی دانیشتنی ژمارە (4)ی ئاساییی سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوكرایەوە

26/08/2018 04:14:00 م
لە رۆژی 2018/07/09، پەرلەمانی كوردستان بەسەرۆكایەتیی د.جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (4)ی ئاساییی خولی بەهارە، ساڵی پێنجەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجامدا.
بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی لە چوار خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی سێیەمیش بریتی بوو لە گفتوگۆیەكی كراوە سەبارەت بەهەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بەئامادەبوونی بەرێزان ئەندامانی دەستەی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی. 
بەپێی خاڵی سێیەمی بەرنامەی كار جێگری سەرۆكی پەرلەمان داوای لە هەندرێن محەمەد، سەرۆكی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی كرد روونكردنەوەكانی كۆمیسیۆن سەبارەت بەهەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بخاتەڕوو. سەرۆكی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی لەروونكردنەوەكانیدا چۆنیەتیی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران و پرۆسەكانی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكان و چۆنیەتیی رێكخستنەوەی ناوەندەكانی تۆماری دەنگدەرانی بۆ پەرلەمان خستەڕوو. دوای تەواوبوونی روونكردنەوەكانی سەرۆكی كۆمیسیۆن، لەلایەن بەشی كارگێڕیی كۆمیسیۆنەوە لەرووی تەكنیكییەوە زانیاری لەبارەی چۆنیەتیی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و نوێكردنەوەی بۆ پەرلەمانتاران باسكران. 
دواتر جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەرگای گفتوگۆی بەڕووی پەرلەمانتاران كردەوەو چەندین پرسیارو تێبینی لەبارەی پرۆسەی دەنگدان و تۆماری دەنگدەران و وردەكارییەكانی دیكەی پەیوەست بەدەنگدەران ئاراستەی ئەندامانی دەستەی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی كران و لەوەڵامیشدا روونكردنەوەی پێویست بۆ تێبینی و پرسیارەكانی پەرلەمانتاران درانەوە. 
لەوبارەیەشەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمان سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونەكانی دەستەی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی  كرد و داواشی لێكردن دوای ئەنجامدان و تەواوكردنی كارەكانی پرۆسەی دەنگدان، راپۆرتی تایبەت بەپرۆسەكە پێشكەشی پەرلەمان بكەن و هەروەها راپۆرتی پێشووی ساڵانەش بدرێتە پەرلەمانتاران. 
لە سەر داوای ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران بۆ بەخشینی بەرچاوڕوونی زیاتر بە دەنگدەران و ڕای گشتی لە هەرێمی كوردستان لە سەر ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن و بە تایبەتی لە ڕووی پاككردنی تۆماری دەنگدەران، تەواوی ئەو دانیشتنە لە ماڵپەری پەرلەمان بڵاوكرایەوە.
 
 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان