خولێك بۆ كاندیدانی پەرلەمانی كوردستان دەكرێتەوە

13/08/2018 10:30:00 م
لە رۆژانی 27-29ى2018/7 لەشاری هەولێر و رۆژانی 3-5ى/2018/8 لە شاری سلێمانی و  رۆژانی 10-12ى/2018/8، لە شاری دهۆک، سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان بەهاوبەشی لەگەڵ پەیمانگه‌ی نیشتمانی بۆ دیموكراسی (NDI)، خولێكیان بۆ كاندیدانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كردەوە.
 
 
 
سه‌باره‌ت به‌ ئامانج له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌م خولانه‌، فوئاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان، تایبه‌ت به‌ سایتی په‌رله‌مانی كوردستانى راگەیاند: "لەسەر ئاستی پارێزگاكانی كوردستان رێكخراوی NDI ئەمریكی خولێكیان كردەوە بۆ كاندیدەكان بەراوێژكردن بەسەنتەرەكەمان، ئێمەش پێمان باشبوو لەو رێگەیەوە رۆشنبیریی پەرلەمانی بەو كاندیدانە بدەین، تا كاندیدەكان بزانن بەرەو چی دامەزراوەیەك دەڕۆن".
وتیشی: "خولەكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەگووترێتەوە و ئەو پەرلەمانتار و راوێژکارانە خولەكە دەڵێنەوە كە خۆیان لەنووسینەوەی پەیڕِەوی ناوخۆی پەرلەماندا بەشداربوون و بابەتەکانیش بریتین لە (ئەرکەکانی پەرلەمان لەرووی یاساکاری و جاودێری و شێوازی گفتوگۆکردنی بودجەو پەسەندکردنی و هەروەها ئەرکی نوینەرایەتیکردن و ئەرک و مافەکانی ئەندامی پەرلەمان و پێکهاتە و دانێشتنەکانی پەرلەمان و شێوازی بەڕێوەچوونیان)".
بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی په‌رله‌مان ئه‌وه‌شی راگەیاند: "دوای خولەكەش سەرجەم كاندیدەكان پەیوەندیی بەردەوامییان لە گەڵماندا هەیە و  ئێمەش بەردەوام زانیارییان پێدەدەین و وەڵامیان دەدەینەوە".
بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشكرد: "جێگەی دڵخۆشییە كاندیدان زۆر بە گەرمی و گوڕوتینەوە بەشداریی خولەكە دەكەن و كاردانەوەیەكی باشیان هەیە".
 
 
 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان