لیژنه‌ی دارایی و ئابووری له‌گه‌ڵ دیوانی په‌رله‌مان گفتوگۆ له‌سه‌ر بودجه‌ی خه‌مڵێنراوی په‌رله‌مان بۆ ساڵی 2019 ده‌كات

08/08/2018 10:32:00 ص
سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 08/08/2018، لیژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابووری و وه‌به‌رهێنان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیی د.عیزه‌ت صابر، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامان و راوێژكارانی لیژنه‌كه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی دیوانی په‌رله‌مان و به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی دارایی په‌رله‌مان له‌باره‌ی بودجه‌ی خه‌مڵێنراوی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ساڵی 2019 كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بودجه‌ی خه‌مڵێنراوی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ساڵی 2019 گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كراو ئه‌وه‌ش خرایه‌روو كه‌ پێویسته‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌ماهه‌نگی بكرێت بۆئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌كانی سه‌ر به‌ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانیش بودجه‌ی خه‌مڵێنراوی خۆیان بۆ ساڵی 2019 ره‌وانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بكه‌ن.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش باسكرا كه‌پێویسته‌ بودجه‌ی گشتیی هه‌رێم بۆ ساڵی 2019 ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت به‌تایبه‌تی كه‌ له‌ئێستادا سه‌رچاوه‌كانی داهات سه‌قامگیرییان به‌خۆوه‌ بینیوه‌.

رۆژمێرى رووداوه‌كان