شاندێكی په‌رله‌مانى كوردستان سه‌ردانی شارى دهۆك و قه‌زای زاخۆى كرد

16/05/2018 03:09:00 م
له‌چوارچێوه‌ی گه‌شته‌ دوو رۆژییه‌كه‌یدا بۆ شارى دهۆك و قه‌زای زاخۆ، شاندێكی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ پێكهاتبوو له‌ هه‌ریه‌ك له‌ ماجد عوسمان بازرگان، سه‌رۆكی لیژنه‌ی بازرگانی و پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و صالح به‌شار، ئه‌ندامی لیژنه‌كه‌ و كه‌مال یه‌ڵدا مه‌رقۆز، جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسه‌وار و خزمه‌تگوزراییه‌كانی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و جه‌وده‌ت جه‌رجیس، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌ردانی قه‌زاى زاخۆ و شارى دهۆك-یان كرد.
سه‌رله‌به‌یانیی رۆژی 2018/5/14، شاندى په‌رله‌مان سه‌ردانی ده‌روازه‌ى سنووریی (ئیبراهیم خه‌لیل)یان كرد و له‌وێ له‌لایه‌ن به‌رپرسی ده‌روازه‌كه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى گومرگی ئیبراهیم خه‌لیل-ه‌وه‌ پێشوازییان لێكرا و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی جموجۆڵی بازرگانی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان كرایه‌وه‌ به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ وڵاتی توركیا، هه‌روه‌ها باس له‌و هه‌نگاوانه‌ى كه‌ پێویستن بۆ ئاسانكاری و هاوكاریكردنی بازرگانان و هاووڵاتییان و هاورده‌كردن و هه‌نارده‌كردن كرا ئه‌ویش به‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی پێویست له‌ رێگه‌ی به‌ سیسته‌ماتیككردنی كاره‌كان و باشتر كۆنترۆلكردنى ئه‌و كاڵاو پێداویستییانه‌ی كه‌ له‌ ده‌روازه‌كه‌وه‌ ده‌هێندرێنه‌ نێو هه‌رێمی كوردستان و ده‌بردرێنه‌وه‌ ده‌ره‌وه‌ش.
 
 
 
هه‌ر له‌سه‌ردانه‌كه‌یاندا شاندی په‌رله‌مان سه‌ردانی ئۆفیسی كۆمپانیای (نیو ستاندارد)ى كرد كه‌ راسپێردراوه‌ به‌ پشكنین و كۆنترۆلكردنی جۆرى له‌ رێگه‌ی تێستكردنی هه‌موو بابه‌تێكی بازرگانی، هه‌روه‌ها به‌یاوه‌ری به‌رپرسانی بازگه‌كه‌ سه‌ردانی به‌شه‌ كارگێڕی و هونه‌رییه‌كانی بازگه‌كه‌یان كرد به‌مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه‌ ئاشنابوون له‌ چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی جموجۆڵی بازرگانی و راییكردنی كاروبارى هاووڵاتییان.
دواتر شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان بۆ هه‌مان مه‌به‌ست سه‌ردانی (ده‌روازه‌ى فیشخابوور)یان كرد و له‌لایه‌ن به‌رپرسى ده‌روازه‌كه‌وه‌ پێشوازییان لێكرا و له‌ دیدارێكدا باس له‌ جكوجۆڵی بازرگانی و چۆنیه‌تیی گواستنه‌وه‌ى هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان بۆ ئاواره‌ و لێقه‌وماوانی وڵاتی سه‌ریا له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان و گواستنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كان و كاڵا و شتومه‌ك كرا.
 
 
 
له‌ رۆژی دووه‌می سه‌ردانه‌كه‌یاندا سه‌رله‌به‌یانیی رۆژی 2018/5/15، شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان سه‌ردانی قایمقامییه‌تی قه‌زارى دهۆك-یان كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ قایمقامی دهۆك و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی كۆنترۆلكردن و چاودێری بازرگانی و گه‌شتوگوزار و پاراستنى ندروستی و به‌رپرسانی ئاسایشی خۆراك و پۆلیسی شاره‌وانی، باس له‌ كۆمه‌ڵێك پرسی گرنگ كرا كه‌ په‌یوه‌ست بوون به‌ پاراستنی مافی هاووڵاتییانی به‌كاربه‌ر و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیی پێداچوونه‌وه‌ به‌یاساو رێنماییه‌كان كرد كه‌ پێویسته‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌موار بكرێنه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌ستكراوه‌تربن له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌رك و كاره‌كانیاندا.
دواتر شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان سه‌ردانی ژوورى بازرگانی و پیشه‌سازیی دهۆك-یان كرد و له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و  ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ژووره‌كه‌، باس له‌ گرنگیی جێبه‌جێكردنی یاسا و رێنماییه‌ به‌ركاره‌كان كرا، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك پێشنیاز سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركردنی ژماره‌یه‌ك یاسا و جێبه‌جێكردنی له‌لایه‌ن هه‌رێمیه‌وه‌ درا، وه‌ك یاسای پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر ژماره‌ 9ى ساڵی 2010، هه‌روه‌ها به‌ركاركردنی ژماره‌یه‌ك یاسا كه‌ پێویسته‌ له‌ كوردستان جێبه‌جێً بكرێن، وه‌ك یاسای رێكخستنی بازرگانی، هه‌روه‌ها یاسایه‌ك بۆ پاڵپشتیكردنی به‌رهه‌می خۆماڵی به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ مافی به‌رهه‌مهێنه‌ر و بازرگانان بپارێزێت.
 
 
 
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیی به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كان كرد و باس له‌
ئاسته‌نگه‌كانى جموجۆڵی بازرگانی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقی فیدرال كرا.
هه‌ر له‌ درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا و به‌مه‌به‌ستی داكۆكیكردن له‌ ماف و ئیمتیازاته‌كانى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى شاره‌وانییه‌كانى هه‌رێم كه‌ له‌ ساڵانی 2000 و 2001 دا له‌ پارێزگاكانى هه‌رێم وه‌ك یه‌كه‌م ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانیى هه‌ڵبژێردراو بۆ ماوه‌ى 18 ساڵ له‌ كاره‌كان و ئه‌ركه‌كانیان به‌رده‌وامن، شانده‌كه‌ی په‌رله‌مان سه‌ردانى ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانیی دهۆك-یان كرد و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ باس له‌ پێویستیی ده‌ركردنی یاسا و بڕیارى پێویست به‌ خانه‌نشینكردنی سه‌رۆك و ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی كه‌ به‌پێی یاسای شاره‌وانییه‌كان بۆ ماوه‌ى 4 ساڵ هه‌ڵبژێردران.
 
  

رۆژمێرى رووداوه‌كان