سەرۆكایه‌تیی پەرلەمانی كوردستان جەژنی جیهانیی كرێكاران پیرۆز ده‌كات

30/04/2018 10:43:00 م
به‌بۆنه‌ی یه‌كی ئایار، جه‌ژنی كرێكارانی جیهان، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی كرێكارانی كوردستان و جیهان كرد، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی: 
پەیامی سەرۆكایه‌تیی پەرلەمانی كوردستان بەبۆنەی جەژنی جیهانیی كرێكاران
بەبۆنەی جەژنی جیهانیی كرێكاران، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی كرێكارانی كوردستان و سەرجەم كرێكارانی جیهان دەكەین، هیواخوازین ئەم جەژنە ببێتە مایەی فەراهەمكردنی زیاتری پێداویستی و مافەكانی ئەم چینە، كەخاوەن ئەزموونێكی كاریگەربووە لە بزافی رزگاریخوازی گەلی كوردستان لە گشت قۆناغەكانی خەباتدا دژ بەزوڵم و ستەمی رژێمە دیكتاتۆرییەكان.
هەر بەم بۆنەیەوە، داوا لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین، هەوڵەكانیان چڕتربكەنەوە بۆ پشتیوانیكردنی مافەكانی كرێكاران و باشتركردنی گوزەرانیان لە رێگەی فەراهەمكردنی زیاتری دەرفەتی كار و دابینكردنی بیمەی تەندروستی.
ئێمەش لە پەرلەمانی كوردستان و لە رێگەی لیژنە پەیوەندیدارەكانەوە، لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین بۆ بەیاساكردنی ماف و داواكارییەكانی كرێكاران، هەروەك پێشتر، كە چەند یاسایەكی دەرچوواندووە، بۆ نموونە (یاسای ژمارە 2 ی ساڵی 2011 یاسای سەندووقی پشتیوانیی بڕۆژە بچووكەكانی لاوان لە هەرێمی كوردستان و یاسای ژمارە 4 ی ساڵی 2012 هەمواركردنی یاسای پیادەكردنی یاسای خانەنشینی و بیمەی كۆمەڵایەتی كرێكاران ژمارە 39 ی ساڵی 1971 ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان.
دووبارە، پیرۆزبایی لە كرێكارانی كوردستان دەكەین .
سەرۆكایه‌تیی پەرلەمانی كوردستان

رۆژمێرى رووداوه‌كان