لیژنه‌ی شاره‌وانییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیری شاره‌وانییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كۆبۆوه‌

22/04/2018 10:52:00 م
سه‌عات 12ی نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 22/04/2018، لیژنه‌ی شاره‌وانییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردنی به‌رنامه‌ و پڕۆژه‌ی شاره‌وانییه‌كان بۆ شارو شارۆچكه‌كه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ نه‌ورۆز مه‌ولود، وه‌زیری شاره‌وانییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتیی عومه‌ر عینایه‌ت، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا گفتوگۆكرا له‌باره‌ی پرۆژه‌ی چاره‌سه‌ركردنی زیاده‌ڕۆیی كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی شاره‌وانییه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌، له‌گه‌ڵ تاووتوێكردنی شێوازی وه‌رگرتنی رسوماتی زبڵ و خاشاك و رێكلامه‌كان و چۆنیه‌تیی كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ی ئاوو كاره‌بای شاره‌كان و كێشه‌كانی پێوه‌ری ئاوی به‌ستراو بۆ هاوبه‌شه‌كان باسی لێوه‌كرا.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، مه‌له‌فی كێشه‌كانی رۆزتاوه‌ر و وه‌رگرتنی باجی بینا تێكه‌ڵه‌كانی سلێمانی خرانه‌ڕوو. هه‌روه‌ها كێشه‌ی سپاردنی پڕۆژه‌ی ریسایكلینی چه‌مچه‌ماڵ گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا.
هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌ی شاره‌وانی په‌رله‌مان چه‌ندین پرسیارو تێبینییان له‌باره‌ی ئه‌جێنداو كاری وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ئاراسته‌ی وه‌زیری میوان كرد و له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ وه‌زیری شاره‌وانی روونكردنه‌وه‌ و وه‌ڵامی پێویستی بۆ په‌رله‌مانتاران خسته‌ڕوو.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان