جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ دیمترى لیۆنداس دۆستی نزیكی گه‌لی كورد كرد

02/04/2018 06:10:00 م
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 2/4/2018 دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ پرۆفیسۆر دكتۆر دیمتری لیۆنداس، كه‌سایه‌تى یۆنانی و دۆستی نزیكی گه‌لی كورد و دكتۆر سامان به‌رزنجی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر و شاندی یاوه‌ری كرد.
له‌ سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ سوپاس و پێزانینی گه‌یانده‌ دكتۆر دیمتری لیۆنداس،  وه‌ك دۆستێكی نزیكی گه‌لی كوردستان بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌ پیرۆزه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوو  و له‌ ئیستاشدا به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌رى وه‌ك پزیشكێكی خۆبه‌خش بۆ چاره‌سه‌ركردن نه‌خۆشی دڵ به‌ تایبه‌تی گه‌ڕان و سووڕان به‌ناو هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و چاره‌سه‌ركردنیان .
پاشان دكتۆر دیمتری سوپاس و خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ و  رایگه‌یاند: "له‌ نێوان هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و گه‌لی یۆنان لێكچوونێك هه‌یه‌ له‌ خه‌باتدا، له‌ماوه‌ی رابردوو و له‌ ئێستاشدا خه‌ڵكی كوردستان بۆ پاراستنی ناسنامه‌ی خۆی وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌وا بینیمان پێشمه‌رگه‌ی كوردستان چۆن رووبه‌ڕووی هێزێكی توندڕه‌وه‌ی وه‌ك داعش بوونه‌وه‌و له‌ جیاتی هه‌موو  دونیا له‌سه‌ر زه‌مین بۆ پاراستنی گه‌لی كوردستان و هه‌موو جیهان شكۆی داعشیان تێكشكاند، بۆیه‌ به‌ ئه‌ركی سه‌رشانی خۆم زانی وه‌ك دكتۆرێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كانی دڵ، چاره‌سه‌ری ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ بكه‌م كه‌ به‌رگریان كردووه‌ و خه‌باتیان كردووه‌ له‌ پێناو مرۆڤایه‌تی".
له‌ كۆتاییدا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریی ڕێزلێنانی پێشكه‌شی پرۆفیسۆر دكتۆر دیمتری لیۆنداس كرد.
شایه‌نی باسه‌ دكتۆر دیمتری، وه‌ك دكتۆرێكی خۆبه‌خش له‌ هه‌رێمی كوردستان كاری كردووه‌ و زۆربه‌ی قه‌زاو ناحیه‌كانى به‌سه‌ر كردۆته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ نه‌خۆشیی دڵیان هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان