پەیامی پیرۆزبایی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەبۆنەی جەژنی نەورۆزه‌وه‌

20/03/2018 12:29:00 م
به‌بۆنه‌ی هاتنی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی گه‌لی كورد و خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان كرد، كه‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
پەیامی پیرۆزبایی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز
بەبۆنەی جەژنی نەورۆز، سەرساڵی نوێی كوردییەوە، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی كورد بەگشتی و خانەوادە سەربەرزەكانی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان به‌ تایبه‌تی دەكەین.
جەژنی نەورۆز سیمبولی سەركەوتن و سەرفرازی و تێكۆشان و فیداكاریی گەلی كوردە دژی زوڵم و ستەم و چەوسانەوە، هەروەها بۆنەیەكی موژدەبەخشی سەركەوتنی راپەڕینە شكۆدارەكەی بەهاری (1991)ە، كە تیایدا شاری كەركووكی خۆشەویست رزگاركرا و تاجی سەركەوتنی راپەڕینی لەسەرنا.
هیوادارین ساڵی نوێی كوردی، ساڵی خێروخۆشی و ئاشتی و خۆشگوزەرانی و چارەسەركردنی قەیرانەكان و داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان بێت، ساڵی قووڵكردنەوەی گیانی یەكڕیزی و تەبایی و پێكەوەژیان و چاكسازیی ریشەیی و وەدیهێنانی ئامانجەكانی گەلەكەمان بێت.
دووبارە، جەژنی نەورۆز لە هەموو لایەك پیرۆزبێت.
سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان

رۆژمێرى رووداوه‌كان