جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ شاندێكی كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف ده‌كات

07/03/2018 04:11:00 م
سه‌رله‌ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2018/3/7، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، پێشوازیی كرد له‌ شاندێكى مه‌رجه‌عییه‌ له‌ مه‌زارگه‌ی حوسه‌ینییه‌ی پیرۆز له‌ كه‌ربه‌لا، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز ئیبراهیم موسه‌وى و شاندێكى رابیته‌ی نه‌جه‌فی پیرۆز بۆ خزمه‌تگوزارى كه‌ رێكخراوێكی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نییه‌، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌بو حه‌یده‌ر ئه‌سه‌دى، دامه‌زرێنه‌ری گردبوونه‌وه‌ى خۆبه‌خش بۆ چاكسازى له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ریان كه‌ له‌ رێگه‌ی بزاڤی ئاشتیی نێوخۆیی له‌ كوردستان سه‌ردانی په‌رله‌مانى كوردستانیان كردبوو.
له‌ دیدارێكدا شاندی میوان مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانى كوردستان روونكرده‌وه‌ كه‌ بۆ توندوتۆڵكردنى په‌یوه‌ندییه‌كان و دانانی نه‌خشه‌ رێگه‌یه‌كی پێنج ساڵه‌ بۆ چۆنیه‌تیی چاكسازیكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ى بیری ئاشته‌وایی و قبوڵكردنى یه‌كتر و به‌لاوه‌نانى رق و كینه‌ له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌كانی عێراقدا، كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌یان له‌ چه‌ند پارێزگایه‌كی دیكه‌ی عێراقیش ناوه‌، هه‌روه‌ها سڵاوی مه‌هدی كه‌ربه‌لایی، وه‌كیلی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌ سه‌ماحه‌تی ئایه‌توڵا عه‌لی سیستانی-یان گه‌یانده‌ جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، وێڕای به‌خێرهێنانی شانده‌كه‌، ده‌ستخۆشیی ئه‌و هه‌نگاوه‌ پیرۆزه‌ی لێكردن و به‌ ئه‌ركێكی پیرۆزى له‌ قه‌ڵه‌مدا و باسی له‌ په‌یوه‌ندیی مێژوویی نێوان كورد و شیعه‌ كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ كورد و شیعه‌ له‌سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا دووچارى زوڵم و زۆردارى و سته‌م بوونه‌ته‌وه‌ و به‌یه‌كه‌وه‌ خه‌باتیان دژی رژێمى دیكتاتۆرى كردووه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌ ره‌واكانیان، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی نێوان كورد و شیعه‌ كرده‌وه‌ و هیوای خواست ئه‌مجۆره‌ دیدار و كۆبوونه‌وانه‌ به‌رده‌وامییان هه‌بێت له‌پێناو گێڕانه‌وه‌ی ئاشتی و ته‌بایی و یه‌كڕیزیی نێوان سه‌رجه‌م گه‌لانی عێراق به‌ نه‌ته‌وه‌ و مه‌زهه‌ب و پێكهاته‌ و ئاینه‌ جیاوازه‌كانییه‌وه‌.

رۆژمێرى رووداوه‌كان