لیژنه‌ی كشتوكاڵی په‌رله‌مان و كۆنسوڵخانه‌ی ئه‌مریكا كێشه‌ی جووتیاران تاوتوێ ده‌كه‌ن

13/02/2018 03:29:00 م
سه‌عات 10ى ‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ 13/02/2018، لیژنه‌ی كشتوكاڵی په‌رله‌مانی كوردستان به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی كێشه‌ی پاره‌ی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كۆنسوڵخانه‌ی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌كه‌و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامه‌كانی به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا گفتوگۆ له‌باره‌ی كێشه‌ی پێنه‌دانی پاره‌ی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵه‌وه‌ باسی لێوه‌كرا.
له‌به‌شێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، لیژنه‌ی كشتوكاڵی په‌رله‌مان ئه‌وه‌یان بۆ وه‌فدی میوان خسته‌ڕوو كه‌ ماوه‌ی 3 ساڵه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی پێدانی مافی جووتیارانی هه‌رێمی دواخستووه‌. په‌رله‌مانتاران ئه‌وه‌شیان روونكرده‌وه‌ كه‌به‌غدا دوای تێپه‌ربوونی چه‌ند ساڵێك گومان له‌دروستی و یاخود ره‌تكردنه‌وه‌ی خۆماڵیبوونی گه‌نمه‌كه‌و هاورده‌كردنی داوه‌ته‌ پاڵ گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێم له‌كاتێكدا پرۆسه‌ی وه‌رگرتن و مه‌رجه‌كانی برو جۆری دانه‌وێڵه‌كه‌ به‌ته‌واوه‌تی له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیكراون و هیچ په‌یوه‌ندییه‌كییان به‌داموده‌زگاكانی هه‌رێمه‌وه‌ نه‌بووه‌.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌رله‌مانتاران ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕوو، كه‌ گه‌نمی جووتیارانی ناوه‌راست و باشووری عیراق به‌بێ مه‌رجی دیاركردنی رووبه‌ری زه‌وی و رێژه‌ی به‌رهه‌م واتا بێسنوور وه‌رگرتنی گه‌نم بۆ جووتیارانی ئه‌و ناوچانه‌ كراوه‌و ئه‌مه‌ش جیاكارییه‌ چونكه‌ قه‌باره‌ی وه‌رگرتنی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێم دیاریكراوه‌.
له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و پرسه‌شدا، په‌رله‌مانتاران له‌باره‌ی گومانی هاورده‌كردنی گه‌نمه‌كه‌ له‌وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌یان بۆ وه‌فدی میوان باسكرد، كه‌ وه‌رگرتنی گه‌نمی جووتیارانی هه‌رێم له‌رێگه‌ی پشكنینی لیژنه‌كانی به‌غدا و له‌چوارچێوه‌ی گرێبه‌ستێكی یاسایی نێوان جوووتیاران و حكومه‌تی ناوه‌ندی مۆركراوه‌، دانه‌وێڵه‌كان ته‌سلیمكراون. 
هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتاران به‌توندی ئه‌وه‌یان ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ پاره‌ی جووتیارن بۆ نیوه‌ كه‌م بكرێته‌وه‌و ئه‌مه‌ش زوڵمێكه‌ له‌جووتیاران ده‌كرێت و ئه‌مه‌ش وا ده‌كات جووتیاران ساردببنه‌وه‌ له‌به‌رهه‌مهێنانی به‌روبوومی كشتوكاڵی.
له‌به‌رامبه‌ریشدا نوێنه‌ری كۆنسوڵخانه‌ی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر سوپاسی روونكردنه‌وه‌كانی په‌رله‌مانتاران كردو رایگه‌یاند: "هه‌م وه‌كو كۆنسوڵخانه‌ هه‌میش باڵیۆزخانه‌ی وڵاته‌كه‌‌یان له‌په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامدان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندو باڵیۆزی وڵاته‌كه‌شیان چه‌ندین جار په‌یوه‌ندیی به‌كاربه‌ده‌ستانی باڵای به‌غداوه‌ كردووه‌ بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌ندی. بۆ ئه‌م پرسه‌ش هه‌وڵده‌ده‌ین كه‌ كاری له‌سه‌ر بكه‌ین و كه‌ناڵه‌ دیبلۆماتی و په‌یوه‌ندییه‌كانمان به‌كارده‌هێنین بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌كی گونجاو. 
هه‌روه‌ها نوێنه‌ری كۆنسوڵخانه‌ی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌ نابێت كێشه‌ی جووتیاران تێكه‌ڵ به‌پرسه‌ سیاسییه‌كان بكرێن و ده‌بێت مافی خۆیان پێبدرێت.

رۆژمێرى رووداوه‌كان