شاندێکى پەرلەمانى کوردستان لە رۆژئاواى کوردستانە

11/02/2018 07:29:00 ص
به‌مه‌به‌ستی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ ره‌وشی ناوچه‌كه‌ و ئامادەکردنى راپۆرتێک لەسەر ناوچەى عەفرین و ئاوارەبوونى خەڵکى ئه‌و ناوچه‌یه‌، دوێنَێ شەممە 10/2/2018، شاندێکى پەرلەمانى کوردستان کە پێکهاتبوو لە هەریەک لە عەلی هالۆ، عەباس فەتاح، شێرکۆ حەمەئەمین، ئەبو کاروان و سوهراب میکائیل، بە نوێنەرایەتیی پەرلەمانی کوردستان سەردانی رۆژئاوای کوردستانیان کرد.
 سەرەتا لە دەروازەى سنوورى پیشخابوور شانده‌كه‌ی په‌رله‌مان لەلایەن عەبدولکەریم عومەر، هاوسەرۆکى ناوچه‌ی جزیرە بۆ پەیوەندییەکان و ژمارەیەک له‌ به‌رپرسانى ناوچەکە پێشوازیی لێکرا.
 
 
 
لە دیدارێکدا شانده‌كه‌ مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ رۆژئاوای كوردستان روونكرده‌وه‌ كه‌ بۆ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوونه‌ له‌ ره‌وشی ناوچه‌كه‌ و ده‌ربڕینی هاوسۆزی و پشتیوانیی په‌رله‌مانی كوردستانه‌ بۆ رۆژئاوا، له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ هاوسه‌رۆكی ناوچه‌ی جزیره‌ و به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌ هەڵوێستى پەرلەمانى کوردستانیان بۆ پشتیوانیكردن لە رۆژئاواى کوردستان بەرزنرخاند، کە لە رابردووشدا چەندین بڕیارى گرنگییان بۆ پشتیوانیكردن له‌ رۆژئاوا داوه‌، بەتایبەت بریارى ناردنى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ كۆبانێ.
دواتر ئەندامانى شاندى پەرلەمانى کوردستان باسیان لە کۆبوونەوەى دوو هەفتەى رابردووى پەرلەمان کرد کە تیایدا سەرۆک فراکسۆنەکانى پەرلەمان هه‌ڵوێستی خۆیان و هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ عەفرین خسته‌ڕوو و هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا پەرلەمان ژمارەیەک راسپاردەى دەرکرد.
شاندى پەرلەمان بەناوى پەرلەمانى کوردستان پشتیوانیى رۆژئاواى کوردستانیان دووپاتکردەوە و بە پێویستیان زانى کە هەماهەنگیى بەردەوام لە نێوان رۆژئاواى کوردستان و پەرلەمانى کوردستان هه‌بێت.
بڕیارە ئەمڕِۆ شاندى پەرلەمانى کوردستان سەردانى شارى عەفرین بکات به‌مه‌به‌ستی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ ره‌وشی ناوچه‌كه‌ و ئامادەکردنى راپۆرتێك لەسەر زیانەکانى ئەو شەڕە و ئاوارەبوونى خەڵکى مەدەنى و دواتر راپۆرتەکە ئاراستەى سەرۆکایەتیى پەرلەمانى کوردستان دەکەن.

رۆژمێرى رووداوه‌كان