بۆ دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئاماده‌كارییه‌كانی كۆمیسیۆن
سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیارانى كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی كۆبوونه‌وه‌

07/02/2018 10:05:00 ص
به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئاماده‌كارییه‌كانی كۆمیسیۆن له‌وباره‌یه‌وه‌، سه‌عات 9ى سه‌رله‌به‌ریانیی ئه‌مڕۆ چوارشه‌مه‌ 2018/2/7، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسیی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تیی دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان و نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و ئاماده‌بوونی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسیی هه‌رێم و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری یاسایی و سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروبارى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆ له‌سه‌ر دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئاماده‌كارییه‌كانی كۆمیسیۆن و ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌ دێنه‌ به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌ به‌تایبه‌ت هه‌نگاوه‌كانی پاككردنه‌وه‌ی لیستی تۆمارى ناوی ده‌نگده‌ران و ته‌رخانكردنی بودجه‌ی پێویست بۆ راپه‌ڕاندنی كاره‌كانی كۆمیسیۆن كرا.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ رۆل و ئه‌ركی په‌رله‌مان و حكومه‌ت و كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی كرا له‌ سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌ و دابینكردنی پێداویستییه‌كانی و له‌وباره‌یه‌وه‌ كۆمیسیۆن روونكردنه‌وه‌ی پێویستی له‌باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی بۆ پاككردنه‌وه‌ی لیستی تۆمارى ناوى ده‌نگده‌ران خسته‌ روو و ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كه‌ له‌و رووه‌وه‌ تا ئاستێكی باش چوونه‌ته‌ پێش و 80%ى تۆماره‌كه‌ یه‌كلایی كراوه‌ته‌وه‌ و پاككراوه‌ته‌وه‌ و كاركردنیش له‌سه‌ر 20%ى تر به‌رده‌وامه‌، هه‌روه‌ها داواشیان كرد كه‌ له‌ دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ره‌چاوی ئه‌و ماوه‌یه‌ بكه‌ن كه‌ كۆمیسیۆن پێویستییه‌تی بۆ ئاماده‌كارییه‌كان كه‌ به‌لایه‌ن كه‌م 105 رۆژیان پێویسته‌، جه‌ختیشیان له‌سه‌ر په‌له‌كردن له‌یه‌ر ره‌زامه‌ندیی حكومه‌ت بۆ ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه‌ پێشنیازیان كردووه‌ كرده‌وه‌.
له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌یی ته‌واوی په‌رله‌مانیان بۆ سه‌رخستی پرۆسه‌كه‌ و پشتیوانیكردن له‌ هه‌وڵه‌كانی كۆمیسیۆن دووپاتكرده‌وه‌ و ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه‌ په‌رله‌مان له‌ رووی یاساییه‌وه‌ رۆلی خۆی بینیوه‌ به‌درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی یاسایی خۆی و ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌.
له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، ئاماده‌یی ته‌واوی خۆیان بۆ سه‌رحستنی پرۆسه‌كه‌ و هه‌وڵه‌كانیان بۆ دیاریكردنی واده‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان و دابینكردنی بودجه‌ی پێویست بۆ كۆمیسیۆن بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی پرۆسه‌كه‌ و جه‌ختیشیان له‌سه‌ر پێویستیی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد و سه‌ركه‌وتووانه‌ كرده‌وه‌.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان پشتیوانیی خۆیان بۆ هه‌وڵه‌كانی كۆمیسیۆن بۆ پاككردنه‌وه‌ی لیستی تۆماری ناوى ده‌نگده‌ران و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد و سه‌ركه‌وتووانه‌ كرده‌وه‌ و داواشیان كرد كه‌ هه‌رچی زووه‌ زاده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان دیاریبكرێت بۆئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی و دیموكراسی و كێشه‌ دارایی و ئابوورییه‌كانی هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكرێن و حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێمیش به‌پشتیوانییه‌كی به‌هێزه‌وه‌ كێشه‌كان له‌گه‌ڵ عێراق چاره‌سه‌ر بكات.

رۆژمێرى رووداوه‌كان