شاندێكی كاكه‌ییه‌كان سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن

06/02/2018 04:39:00 م
ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 6/2/2018، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی خاتوو بێگه‌رد تاله‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ شاندێكی  نوێنه‌ری كاكه‌ییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌ دیدارێكدا شاندی میوان یاداشتێكی چه‌ند خاڵییان پێشكه‌شی په‌رله‌مانی كوردستان كرد كه‌ تێیدا داوای ناوهێنانی كاكه‌ییه‌كان وه‌ك پێكهاته‌یه‌كى ره‌سه‌نى كوردستان له‌ ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و به‌كۆتا ناساندنی كاكه‌ییه‌كان و دابینكردنی كورسییه‌كی كۆتا بۆ كاكه‌ییه‌ له‌ په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و دانانی نوێنه‌ری كاكه‌ییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف.
پاشان جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانیان ئاماژه‌ی به‌ رۆلى كاكه‌ییه‌كان وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی ره‌سه‌ن له‌ بزوتنه‌وه‌ى رزگاریخوازیی گه‌له‌كه‌مان كرد گوتی: "په‌رله‌مانی كوردستان ماڵی هه‌موو تاكێكی خه‌ڵكی كوردستانه‌ به‌هه‌موو دین و مه‌زهه‌ب و پێكهاته‌كانه‌وه‌ و به‌ ئه‌ركی خۆمان ده‌زانین له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ هه‌ماهه‌نگیی گشت فراكیسۆنه‌كان هه‌رشتێك گرنگ بێت بۆ كوردانی كاكه‌یی ئه‌نجامی بده‌ین و به‌مافی كاكه‌ییه‌كانی ده‌زانین".
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان پشتیوانیی خۆی بۆ داواكارییه‌كانیان نیشاندا و رایگه‌یاند: "به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كان و هه‌روه‌ها حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ گفتۆگۆدا ده‌بین بۆ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانتان، به‌ڵام له‌ئێستادا هیچ ئاماده‌كارییه‌ك نه‌كراوه‌ بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و پێویسته‌ پڕۆژه‌یه‌ك ئاماده‌ بكرێت بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و ئه‌وكات بێگومان ئه‌و داواكارییه‌ی ئێوه‌ ده‌بێته‌ داواكاریی  ئێمه‌ وه‌ك ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و هه‌روه‌ها گشت فراكیسۆنه‌كان بۆئه‌وه‌ی به‌یاسایی بكرێت".
پاشان بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان رێكاره‌كانی جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی كاكه‌ییه‌كانى شیكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "له‌ رێگه‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن یاخود له‌ رێگه‌ی ده‌ستووره‌وه‌ داواكارییه‌كانتان چاره‌سه‌ر بكرێن"، هه‌روه‌ها پشتگریی خۆشی بۆ داواكارییه‌كانیان دووپاتكرده‌وه‌.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندی میوان بانگهێشتنامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كرد بۆ ئاماده‌بوونیان له‌ كۆنفراسێكی تایبه‌ت بۆ كاكه‌ییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ بڕیاره‌ له‌ 1/3/2018 له‌شاری سلێمانی ئه‌نجام بدرێت. 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان