سه‌رۆك و بڕیارده‌رى لیژنه‌ی بازرگانی و پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر هه‌ڵبژێردران

30/01/2018 09:51:00 ص
به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك و بڕیارده‌ر و دانانى پلان و به‌رنامه‌ی كارى داهاتووی لیژنه‌كه‌،  ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 30/1/2018،  لیژنه‌ی بازرگانی و پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیی دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونى خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانى، سكرتێرى په‌رله‌مان و دكتۆره‌ ڤالا فه‌رید، سه‌رۆكى لیژنه‌ى كاروبارى یاساییی په‌رله‌مان كۆبۆوه‌.
سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌ دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رگاى خۆ پاڵاوتنى بۆ سه‌رۆكى لیژنه‌ كرده‌وه‌ و عه‌بدوڵا جاسم، خۆى كاندید كرد و به‌ تێكڕاى ده‌نگ وه‌ك سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌ هه‌ڵبژێردرا و دواتر ده‌رگاى خۆ پاڵاوتن بۆ بڕیارده‌رى لیژنه‌ كرایه‌وه‌ و عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لى، به‌ تێكڕاى ده‌نگ وه‌ك بڕیارده‌رى لیژنه‌كه‌ هه‌ڵبژێردرا.
پاشان دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ وته‌یه‌كدا باسى له‌ گرنگیى كارى لیژنه‌كانى په‌رله‌مان كرد و گووتى: "كاركردنى په‌رله‌مان له‌ لیژنه‌كان به‌شێوه‌ى تیم زۆر سه‌ركه‌وتووه‌ و پێویسته‌ به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ى خه‌ڵك و چاودێریى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن بكه‌ن و ئێمه‌ش وه‌ك ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان له‌ هه‌ماهه‌نگیی به‌رده‌وامدا ده‌بین بۆ كارئاسانیى كارى لیژنه‌كان".
هه‌روه‌ها گووتى: "لیژنه‌ى بازرگانی و پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر له‌ ئێستا پێویسته‌ رۆڵى هه‌بێت و وه‌ك له‌ پێشتر رۆڵى هه‌بووه‌ و به‌رده‌وامبێت، له‌ ئێستادا كوردستان پێویستیى به‌كارى زۆرترى لیژنه‌كه‌ هه‌یه‌".
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌ى بازرگانی و پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر پلانى كاركردنى داهاتووی لیژنه‌كه‌ دانا و ئه‌و نووسراوانه‌ى ئاراسته‌ى لیژنه‌كه‌ش كرابوون گفتوگۆى وردیان له‌سه‌ر كرا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان