جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ شاندێكی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان كرد

29/01/2018 02:47:00 م
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2018/1/29، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، پێشوازیى له‌ سالار عوسمان، بریكاری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان  و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌ته‌كه‌ كرد.
له‌ دیدارێكدا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، خۆشحاڵی خۆی به‌و سه‌ردانه‌یان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان و لیژنه‌ی رۆشنبیریی په‌رله‌مان ده‌ربڕی، ئه‌و سه‌ردانه‌ى به‌ هه‌نگاوێكی باش له‌ قه‌ڵه‌مدا بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی نێوان وه‌زاره‌تى رۆشنبیری و لیژنه‌ی رۆشنبیریی په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌ی بتوانن بۆچوونه‌كان له‌و بواره‌دا ئالوگۆڕ بكه‌ن و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی زیاترى نێوان هه‌ردوولا كرده‌وه‌ بۆ سه‌رخستنی زیاترى كاره‌كان به‌تایبه‌ت له‌ بواری رۆشنبیریی گشتیدا، لاى خۆشییه‌وه‌ ئاماده‌یی په‌رله‌مانی كوردستانى بۆ هه‌موو جۆره‌ پشتیوانى و هاوكارییه‌ك ده‌ربڕی بۆ زیاتر خزمه‌تگه‌یاندن به‌و بواره‌ فراوانه‌ی رۆشنبیری ئه‌ویش به‌ده‌ركردنی یاساو چاودێریكرن و به‌دواداچوون له‌سه‌ر كۆی بواره‌كانی رۆشنبیری و هونه‌ری و فه‌رهه‌نگی و راگه‌یاندن و لاواندا.
له‌ به‌رامبه‌ردا سالار عوسمان، بریكاری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان، به‌ناوی شانده‌كه‌وه‌ سوپاسی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌و ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌یانى بۆ په‌رله‌مانی كوردستان روونكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی زیاتر له‌ نێوان وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیدار له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كرد و  ئاماژه‌ی به‌ ستراتیژییه‌تی كاره‌كانى وه‌زاره‌ت و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ پێویستن بۆ خزمه‌تكردن به‌ رۆشنبیریی گشتی و لاوان كرد كه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌یان گرتوویه‌تییه‌به‌ر و به‌رده‌وامیش ده‌بێت له‌سه‌رى و هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ بۆ ساڵی 2018 به‌رنامه‌یه‌كی گشتگیریان هه‌یه‌ له‌ بواره‌ جیاجیاكان له‌چوارچێوه‌ی كاری وه‌زاره‌ته‌كه‌یاندا.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ئه‌ركى په‌رله‌مان و حكومه‌تى زانی كه‌ له‌ سه‌رجه‌م كایه‌كاندا ده‌بێت به‌شداربن و رۆلى كاریگه‌رییان هه‌بێت له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی رۆشنبیریی گشتی و په‌ره‌پێدانی زیاتر به‌ دیموكراسی و ئازادییه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی یاسادا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان