رێزلێنانی په‌رله‌مانى كوردستان به‌خشرایه‌ یاریزانی لاوی مه‌له‌وانی شوان جاف

23/01/2018 11:11:00 ص
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 23/1/2018، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ یاریزانی ناسراوى مه‌له‌وانی عه‌لى ره‌زا جاف، ناسراو به‌ شوان جاف، ئه‌ندامی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقی بۆ یاریی مه‌له‌وانى كرد.
له‌دیدارێكدا  جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای گه‌یاندنی سوپاس و پێزانینی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ یاریزانی لاو شوان جاف، بۆ ئه‌و ئاسته‌به‌رزه‌ى كه‌ له‌و بواره‌دا پێشكه‌شی ده‌كات، ده‌ستخۆشیی له‌ خۆی و خانه‌واده‌كه‌ى كرد كه‌ توانیویانه‌ به‌ هه‌وڵ و ماندووبوونی خۆیان و پشتیوانیكردنیان لێی رۆله‌كه‌یان بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌و ئاسته‌ و هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامیی بۆ خواست.
 
 
 
له‌به‌رامبه‌ردا تۆفان جاف، باوكی یاریزانی لاو شوان جاف، سوپاسى جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ و كورته‌یه‌كى سه‌باره‌ت به‌ كار و چالاكییه‌كانی شوان جاف باسكرد و "گوتی: "سه‌ره‌ڕای  بوونى چه‌ندین كۆسپی سیاسی له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی عێراق كه‌ هاتوونه‌ته‌ پێش، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌ك خانه‌واده‌كه‌ى به‌رده‌وام بووین له‌پشتیوانیكردنی و به‌رده‌وامیش ده‌بین".
له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، رێزلێنانی په‌رله‌مانی كوردستانی به‌خشییه‌ یاریزانی لاو شوان جاف به‌رامبه‌ر ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی. 
شایانی باسه‌ یاریزانی لاو شوان جاف، یاریزانی ناسراوی مه‌له‌وانی له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ناوچه‌كه‌ و جیهان، له‌ماوه‌ی رابردوودا چه‌ندین  ریكۆردی نێوخۆیی و جیهانیی شكاندووه‌و چه‌ندین میدالیا و خه‌ڵاتی پێبه‌خشراوه‌.  
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان