ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ شاندێكی گرووپی ئاشتی بۆ ژنانی سه‌ركرده‌ ده‌كات

23/01/2018 10:45:00 ص
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 23/1/2018، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، پێشوازیی كرد له‌ شاندێكی گرووپی ئاشتی بۆ ژنانی سه‌ركرده‌ له‌ كوردستان، كه‌ پێكهاتبوو له‌هه‌ریه‌ك له‌ تانیا گلی و ئه‌مه‌ل جه‌لال و چنار سه‌عد و به‌هار عه‌لی.
له‌ دیدارێكدا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و راوێژكاران ئاماده‌یبوون، شاندی میوان پڕۆژه‌ و یاداشتێكیان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان كرد كه‌ تیایدا داوا له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن پێداچوونه‌وه‌ به‌چه‌ند یاسایه‌ك بكات كه‌ له‌ خوله‌كانی پێشووى په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ ئافره‌تان ده‌ركراون به‌مه‌به‌ستی هه‌مواركردنه‌وه‌یان، ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ بۆ كۆتای ئافره‌تان دانراون و رێژه‌كه‌ی به‌رزبكرێته‌وه‌ له‌ به‌شداریكردن له‌ گشت كایه‌كان بۆئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ هاتنه‌ پێشی ئافره‌ت خۆشبكرێت و بێنه‌ ناو په‌رله‌مان و داموده‌زگاكانی حكومه‌ت و حزب و رۆل و ده‌وری زیاتریان پێبدرێت .
له‌ به‌رامبه‌ردا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌رۆلی ئافره‌تان له‌ بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازی كوردستان و قۆناغه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان كرد و  رایگه‌یاند: "ده‌بێت رۆلی زیاتر به‌ ئافره‌تان بدرێت و پێگه‌ی ئافره‌تان له‌ ناو كایه‌كان به‌هێزتر بكرێت بۆئه‌وه‌ی زیاتر رۆلی خۆیان بگێڕن".
سه‌باره‌ت به‌داواكارییه‌كانی شاندی میوان جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاند: "هه‌وڵده‌دین به‌هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی په‌رله‌مان ئه‌و داواكارییه‌تان به‌یاسایی بكه‌ین  و  له‌خزمه‌تی گشت ئافره‌تانی كوردستاندا بێت".
پاشان خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، ئاماژه‌ی به‌ بوونی ئافره‌تان له‌ ناو په‌رله‌مان  و داموده‌زگاكانی حكومه‌ت كرد و گوتی:  "ئافره‌تان رۆلی باش و كاریگه‌یان بینیوه‌ و پێویسته‌ زیاتر پشتیوانییان لێبكرێت و ده‌رفه‌تی زیاتر بڕه‌خسێنرێت بۆ ئافره‌تان بۆئه‌وه‌ی به‌شداربن له‌ بڕیاری سیاسی و ئیداریدا و له‌و پێناوه‌شدا وه‌كو سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كارده‌كه‌ین و به‌رده‌وام ده‌بین بۆ خزمه‌تكردنی زیاتر به‌ئافره‌تان".

رۆژمێرى رووداوه‌كان