له‌ ژێر چاودێریی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان
سیمینارێك سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ یاسای پێشنیازكراو بۆ چاكسازیكردن له‌ خانه‌نشینی و مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و ئیمتیازاته‌كان به‌ڕێوه‌چوو

22/01/2018 04:33:00 م
سه‌عات 10ی به‌یانیی ئه‌مڕۆ 22/1/2018، لیژنه‌ی ده‌سپاكیی په‌رله‌مانی كوردستان، سیمینارێكی تایبه‌ت به‌ پڕۆژه‌ یاسای پێشنیازكراوی حكومه‌تی هه‌رێم له‌باره‌ی چاكسازیكردن له‌خانه‌نشینی و مووچه‌و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان سازكرد.
له‌سیمیناره‌كه‌دا، كه‌ له‌ژێر چاودێریی دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان و سه‌رۆك لیژنه‌كانی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌سپاكی و سه‌رۆكی دیوانی چاودێریی دارایی و نوێنه‌ری ده‌زگای داواكاریی گشتیی هه‌رێم به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا پڕۆژه‌ یاسای خانه‌نشینی و مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا.
له‌ده‌سپێكی سیمیناره‌كه‌دا، د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ وته‌یه‌كی كورتدا باسی له‌ گرنگیی سیمیناره‌كه‌ كرد و  رایگه‌یاند: "ئه‌م سیمیناره‌ به‌رچاوڕوونیی زیاتر به‌ لیژنه‌كانى په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران ده‌به‌خشێت سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تیی تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌كه‌ له‌ناو هۆڵی دانیشتنه‌كاندا و گفتوگۆكانی ئه‌م سیمیناره‌ ده‌بنه‌ بناخه‌یه‌كی باش بۆ ده‌ركردنی یاسایه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌و پوخت كه‌ بتوانێت له‌ئاستی ویستی چاكسازییه‌كانی هه‌رێمدا بێت و ئه‌وه‌ش ده‌بێت بزانرێت كه‌ پڕۆژه‌یه‌كی ئاڵۆزه‌ و پێویستیی زۆری به‌سیمینار و گفتوگۆی هاوشێوه‌ هه‌یه‌ تا بتوانرێت كۆده‌نگییه‌ك و لێكتێگه‌یشتنێك له‌باره‌یه‌وه‌ دروست ببێت".
له‌كۆتایی وته‌كه‌شیدا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌ستخۆشیی له‌ سه‌رۆكایه‌تیی و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی ده‌سپاكیی په‌رله‌مان كرد و رایگه‌یاند: "ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ پڕۆژه‌ی هه‌موو لایه‌كه‌ و به‌تایبه‌تی ده‌سته‌كانی ده‌سپاكی و دیوانی چاودێریی دارایی و داواكاریی گشتی رۆڵی به‌رچاوییان تێدا گێڕاوه‌".
دواتر له‌لایه‌ن به‌شداربووانی سیمیناره‌كه‌وه‌ گفتوگۆ له‌باره‌ی بڕگه‌ و مادده‌كانی پڕۆژه‌ یاسای خانه‌نشینی و مووچه‌و ده‌رماڵه‌ و به‌خشین و ئیمتیازاته‌كان كرا كه‌ له‌ 20 مادده‌ پێكهاتووه‌. بڕیاریشه‌ له‌ژێر رۆشنایی راسپارده‌ و پێشنیازه‌كانی ئه‌م سیمیناره‌ فراوانه‌دا، لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی په‌رله‌مان راپۆرتی كۆتایی خۆیان له‌باره‌ی پڕۆژه‌ یاسای پێشنیازكراو ئاماده‌ بكه‌ن و دواتر پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت تا بخرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان بۆ ئه‌نجامدانی رێكاره‌ یاساییه‌كانی.  

رۆژمێرى رووداوه‌كان