په‌رله‌مانی كوردستان رۆژی ئاڵای كوردستان ‌و رۆژی دایك به‌رز راده‌گرێت
جەعفەر ئێمینكی: "پێویستە ناوچە جێناكۆكەكان بە هاوبەشی بەڕێوەببرێن"

17/12/2017 10:31:00 ص
سه‌عات 10ی به‌یانیی ئه‌مڕۆ 17/12/2017، به‌ ئاماده‌بوونی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكى، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ‌و خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانب، سكرتێری په‌رله‌مان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان ‌و ژماره‌یه‌ك له‌ میوانان ‌و راوێژكاران ‌و فه‌رمانبه‌ران ‌و كارمه‌ندانی په‌رله‌مان ‌و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن، له‌ رێوڕه‌سمێكی شایسته‌دا له‌ گۆڕه‌پانی ته‌لاری په‌رله‌مانی كوردستان رۆژی ئاڵای كوردستان ‌و رۆژی دایك به‌رز راگیرا.
 
 
سه‌ره‌تای رێوه‌ڕه‌سمه‌كه‌ به‌ ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان به‌ بێده‌نگی بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستیپێكرد ‌و پاشان وته‌ی به‌خێرهێنان له‌لایه‌ن تارق جه‌وهه‌ر سارمه‌می، راوێژكاری راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان خوێندرایه‌وه‌، كه‌ تیایدا وێڕِای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان ‌و میوانانی رێوڕه‌سمه‌كه‌، ئاماژه‌ی به‌و دوو یاسایه‌ كرد كه‌ بۆ ئه‌و دوو بۆنه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوون ‌و تیشكی خسته‌ سه‌ر مێژووی هه‌ڵكردنی یه‌كه‌م ئاڵای كوردستان.
 
 
دواتر له‌لایه‌ن جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و سكرتێری په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌ رێوڕه‌سمێكی شایسته‌ له‌گه‌ڵ مۆسیقای سه‌ربازی، ئاڵای كوردستان به‌رزكرایه‌وه‌ و هه‌ر به‌وبۆنه‌یه‌شه‌وه‌ دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد و تیایدا ئاماژه‌ی به‌و دوو یاسایه‌ كرد كه‌ بۆ ئه‌و دوو بۆنه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچوون و به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ جوانترین و گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ گه‌لی كوردستان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان كرد و به‌بۆنه‌ی رۆژی دایكیشه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ دایكی شه‌هیدان و سه‌رجه‌م دایكانی كوردستان كرد و رۆلی دایكانی له‌ خه‌بات و شۆڕش و قوربانیدان و تێكۆشانى گه‌له‌كه‌مان و كوردستان به‌رزنرخاند.
 
 
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ رۆڵی قاره‌مانانه‌ی شه‌هیدان كرد كه‌ به‌خوێنی خۆیان ئاڵای كوردستانیان به‌به‌رزی هێشته‌وه‌ و رایگه‌یاند: "سه‌رى رێز و نه‌وازش بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان داده‌نوێنین كه‌ گیانی خۆیان كرده‌ قوربانی له‌ پێناو به‌زڕاگرتنی ئاڵای پیرۆزی گوردستان و دابینكردنی ماف و ئازادییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان".
هه‌ر له‌وته‌كه‌یدا ئه‌و رۆژه‌ی به‌ رۆژێكی مێژوویی له‌ قه‌ڵه‌مدا و ئاڵای كوردستانی به‌ سیمبولی نیشتیمانی و نیشانه‌ی سه‌روه‌ریی گه‌ل و خاكی كوردستان  و به‌یداخی خه‌بات و قوربانیدان و ناسنامه‌ی گه‌له‌كه‌مان به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ وه‌سفكرد.
 
 
 
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، تیشكی خسته‌ سه‌ر بارودۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ئه‌و دۆخه‌ هه‌ستیار و چاره‌نووسسازه‌ى كه‌ ئه‌مڕۆ گه‌له‌كه‌مان و هه‌رێمی كوردستانی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت كه‌ به‌هۆی رووداوه‌كانی 16ى ئۆكتۆبه‌ر و رۆژانی دوایی كه‌وتنه‌وه‌ و جه‌ختى له‌سه‌ر پێویستیی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕالی له‌ رێگه‌ی دیالۆگ كرده‌وه‌ و داواى له‌ هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیش كرد بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان لەبەرچاو بگرن و بیخەنە پێش بەرژەوەندی تەسكی حزبایه‌تى و رایگه‌یاند: "حكومەت و پەرلەمانیش وەك یەك تیم كار بۆ باشتركردنی بارودۆخ و گوزەرانی خەڵك بكەن و كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بكه‌ن".
هه‌روه‌ها باسی له‌و تاوانانه‌ش كرد كه‌ له‌لایه‌ن سوپای عێراق و هێزه‌كانی حه‌شده‌ شه‌عبییه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ئه‌نجام دران به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانی دووزخوورماتوو و كه‌ركوك و قه‌ره‌ته‌په‌ و شوێنه‌كانی دیكه‌.
 ئاماژه‌ی به‌ هه‌وڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕالیی عێراق، له‌ پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم كرد كه‌ هه‌میشه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر دیالۆگ و گفتوگۆكردۆته‌وه‌ دوور له‌ به‌كارهێنانی هێز و مه‌نتقی لاوازی و هێز له‌ گفتوگۆكاندا بۆ چاره‌سه‌ركردنییان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوورى هه‌میشه‌یی عێراق و پێویستیی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ى ده‌ستوور كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "پێویستە ناوچە جێناكۆكەكان بە هاوبەشی بەڕێوەببرێن".
هه‌ر له‌وته‌كه‌یدا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی بایه‌خدانی زیاتر به‌كه‌سوكار و خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان كرده‌وه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌ رۆلی قاره‌مانانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرد له‌ به‌رگریكردن له‌ خاك و نیشتیمان و خه‌ڵكی كوردستان و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی یه‌كخستنه‌وه‌ و رێكخستنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدانی تواناكانی هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌.
 
 
 
له‌ كۆتایی رێوڕه‌سمه‌كه‌شدا له‌لایه‌ن جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و سكرتێری په‌رله‌مان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و ئاماده‌بووانه‌وه‌، پیشانگایه‌كی فۆتۆگرافیی تایبه‌ت به‌ دایكه‌ زولێخا كه‌ به‌ دایكی پێشمه‌رگه‌ ناسراوه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن فۆتۆگرافه‌ر مه‌حمود هه‌ولێری، وێنه‌گری په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌كرابوو، هه‌روه‌ها پیشانگایه‌كی شێوه‌كاری هونه‌رمه‌ندى شێوه‌كار به‌هار شێروانی كرایه‌وه‌. 
 
 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

<كانون الثاني 2018>
سأاثأخج
303112345
6789101112
13141516171819
20212223242526
272829303112
3456789