ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان پێشوازى له‌ شاندێكی كه‌سایه‌تی و چالاكوانانی رانیه‌ ده‌كات

12/12/2017 02:24:00 م
به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی داواكارییه‌كانیان به‌ په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 12/12/2017، شاندێكی كه‌سایه‌تیی و چالاكوانانی رانیه‌ سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد و له‌لایه‌ن دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازییان لێكرا.
له‌ دیدارێكدا شاندی میوان یاداشتێكیان پێشكه‌ش به‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كرد كه‌ تیایدا داواكارییه‌كانیان له‌ چه‌ند خاڵێكدا خستبووه‌ روو، هه‌روه‌عا شانده‌كه‌ باسیان له‌ هه‌ندێ له‌و  یاسایانه‌ كرد كه‌ له‌ سه‌رده‌می رژێمی دیكتاتۆریی به‌عس ده‌رچوون و بوونه‌ته‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م وه‌به‌رهێنه‌ران و بازرگانان و خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت، بۆیه‌ داوایان له‌په‌رله‌مانی كوردستان كرد پێداچوونه‌وه‌ به‌ یاساكانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بكه‌ن به‌ تایبه‌تی له‌ كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ و زه‌وی و زار و گرێبه‌سته‌كان كه‌ به‌ناوی (مساته‌حه‌)و كه‌رته‌كانی تری كه‌ په‌یوه‌ستن به‌باروگوزه‌رانی خه‌ڵك و له‌به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی خه‌ڵكی كوردستاندا بێت،
 
 
 
له‌به‌شێكی تری دیداره‌كه‌دا شاندی میوان داوایان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كرد زیاتر به‌رۆلی خۆی هه‌ڵبستێت له‌ چاودێری و به‌دواداچوونى كاره‌كانی، به‌تایبه‌ت له‌ بوارى شه‌فافیه‌تی نه‌وت و گاز و داهات و خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت بۆئه‌وه‌ی لای خه‌ڵكی كوردستان روون و ئاشكرا بێت، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌و داهاتانه‌ كرد كه‌وا ده‌بێت له‌ رێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ چاودێری بكرێت و به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌و به‌ یه‌كسانی دابه‌ش بكرێت،
له‌به‌رامبه‌ردا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، گوتی: "ئه‌و داواكارییانه‌ی ئێوه‌ هێناوتانه‌ و هه‌تانه‌، ئێمه‌ش هه‌ستمان پێى كردووه‌ و كارمان له‌سه‌ر كردووه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌سه‌ری و ده‌بێت پێداچوونه‌وه‌ به‌یاساكانی كۆنی سه‌رده‌می رژێمی به‌عس بكرێت، به‌و مه‌رجه‌ی له‌به‌رژه‌وه‌ندیی گشت خه‌ڵكی كوردستاندا بێت، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانی كوردستان به‌داواداچوون و چاودێریكردنی كاره‌كانی حكومه‌ت و ئه‌و داهاتانه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌ستی حكومه‌تدا هه‌یه‌ ده‌كات".
هه‌روه‌ها باسی هه‌ماهه‌نگیی نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى بۆ چاكسازیی ئیداری و دارایی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه‌ و شه‌فافیه‌ت له‌ داهاتوو و خه‌رجییه‌كان كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ له‌و رووه‌وه‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ رۆلی خۆی هه‌ڵساوه‌ و كاری له‌سه‌ر كردووه‌.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان گوتی، به‌شێك له‌و داواكارییانه‌ی ئیوه‌ هێناوتانه‌ په‌رله‌مان، له‌ناو پڕۆژه‌كاندا هاتووه‌ و له‌ماوه‌ی رۆژانی  رابردوودا چه‌ندین پڕۆژه‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌ و ره‌وانه‌ی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند كراوه‌ و له‌داهاتوویه‌كی نزیك ده‌یخه‌ینه‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان بۆئه‌وه‌ی بریاری له‌سه‌ر بده‌ین.
پاشان بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان كورته‌یه‌ك له‌كاره‌كانی لیژنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانى بۆ شاندی میوان روونكرده‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌داواكارییه‌كانیشیان گوتی: "ئه‌و داواكارییانه‌ی كه‌ پێشكه‌شی په‌رله‌مانتان كردووه‌ لیژنه‌كان راده‌سپێرین بۆ ئاماده‌كردنی راپۆرت و به‌دواداچوون و چاودێریكردنیان بۆئه‌وه‌ی به‌زووترین كات كاری له‌سه‌ر بكه‌ین و بیخه‌ینه‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانه‌وه‌، ئه‌گه‌رجی به‌شێك له‌داواكارییه‌كانتان له‌ ناو پڕۆژه‌ و راپۆرته‌كانی لیژنه‌كانی په‌رله‌ماندا هاتووه‌ و ئاماژه‌ی پێكراوه‌".

رۆژمێرى رووداوه‌كان