جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ ئاماده‌بوونی سكرتێری په‌رله‌مان پێشوازيی له‌ شاندێكى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرد

11/12/2017 03:44:00 م
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11/12/2017، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ نوسینگه‌ی خۆی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ شاندێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كرد كه‌ پێكهاتبوو له‌ ئه‌لیس وه‌ڵ پووڵ، جێگری نێرده‌ی تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق و ریكاردۆ رۆدرێگز به‌رپرسی نوسینگه‌ی یۆنامی له‌ هه‌رێمی كوردستان.
له‌ دیدارێكدا جێگری سه‌رۆكی په‌له‌مانی كوردستان به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ به‌خێرهاتنی كردن و خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌سه‌ردانی كردنیان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماژه‌ی به‌ چه‌ند پرسێكی گرنگی هه‌نووكه‌یى كرد كه‌ له‌ عێراق ده‌گوزه‌رێت، به‌تایبه‌ت هێرشه‌كانی ئه‌مدواییه‌ى هێزه‌كانی سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر كه‌ركوك و دووزخورماتوو و ده‌وربه‌ری و ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵكی دووزخورماتوو ئه‌نجامیاندا له‌ كوشتن و ته‌قاندنه‌وه‌ی ماڵان و ده‌ركردن و ئاواره‌كردنییان، كه‌ ئه‌مه‌ش جینۆسایدێكی دیكه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌ر گه‌لى كوردستانیان داهێناوه‌،
سه‌باره‌ت به‌و راپۆرته‌ی كه‌ نێرده‌ی تایبه‌تیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق ئاماده‌ی كردبوو له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان خوێندییه‌وه‌ ، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان نێگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی له‌سه‌ر ئه‌و راپۆرته‌ رایگه‌یاند: "ئه‌و راپۆرته‌ی كه‌ ئاماده‌كرابوو له‌لایه‌ن یان كۆبیچ، ته‌واو و ورد نه‌بوو له‌ ده‌رخستنی راستییه‌كان كه‌ روویانداوه‌ له‌ عێراق و پێویسته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان مه‌یدانی ئاماده‌ییان هه‌بێت و سه‌ردانی ئاواره‌كان و شارۆچكه‌ی دووزخوورماتوو بكه‌ن و  به‌چاوی خۆیان ببینن كه‌ چی به‌سه‌ر خه‌ڵكی سڤیلی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا هاتووه‌ و سنوورێك بۆ جموجۆڵه‌ سه‌ربازییه‌كانی حكومه‌تی عێراق دابندرێت"،
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان،  باسی له‌ بارودۆخی سیاسی و داراییی هه‌رێمی كوردستان  و كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق كرد و رایگه‌یاند: "پێویسته‌  كێشه‌كان له‌ رێگه‌ی گفتۆگۆ و دیالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن و له‌ ئێستادا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌ماهه‌نگیی په‌رله‌مانی كوردستان چاكسازیی ئیداریدا ده‌كات و پێداچوونه‌وه‌  به‌ سیسته‌می مووچه‌  ده‌ستی پێكردووه‌ و به‌و مه‌رجه‌ی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانیی تێدابێت".
سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنیش له‌ هه‌رێمی كوردستان، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان داوای له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كرد هاوكاربن له‌ڕووی ته‌كنیكییه‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستادا له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و كۆمیسیۆن ئاماده‌كاریی بۆ ده‌كرێت بۆ 6/9/2017 و  ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌  بۆچوونێكی تر هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان  له‌ گفتۆگۆ و راوێژدان.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، پوخته‌یه‌ك له‌ كارو چالاكییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانى له‌ماوه‌ی رابردوودا باسكرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ سه‌رجه‌م فراكیسۆنه‌ جیاوازه‌كانى په‌رله‌مان و لیژنه‌كانی په‌رله‌مان به‌وپه‌ڕی به‌پرسیاریه‌تییه‌وه‌ كاره‌كانی خۆیان رایی ده‌كه‌ن له‌ چاودێریكردن و به‌دواداچوونى كاره‌كانى حكومه‌ت، هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان به‌رده‌وام راپۆرت و پڕۆژه‌یان هه‌یه‌ و دوای ئه‌وه‌ى به‌ رێكاره‌ یاساییه‌كان تێده‌په‌ڕی ، دێته‌ نێو هۆڵی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان بۆئه‌وه‌ی خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌میان بۆ بكرێت و پاشان ببن به‌یاسا،
سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ سه‌ر كاره‌كه‌ی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان گووتی: "هیچ رێگرییه‌ك و به‌ربه‌ستێك نییه‌ بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی و له‌ئێستادا ماوه‌ته‌وه‌ سه‌ر سیاسه‌تی حزبه‌كه‌ی، هه‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی  سه‌رۆكی په‌رله‌مان و هه‌م  وه‌زیره‌كانی گۆڕان بۆ ناو حكومه‌ت"..
له‌به‌رامبه‌ردا جێگری نێرده‌ی تایبه‌تیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، ئه‌لیس ووڵ، خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی بۆ ئه‌و سه‌ردانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان بۆئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری پێشهات و رووداوه‌كان بن كه‌ روویانداوه‌ له‌ عێراق و كوردستان و جه‌ختی له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان كرده‌وه‌ له‌ رێگه‌ی دیالۆگ و گفتۆگۆ و دوور له‌توندوتیژی و به‌كارهێنانى هێز و ئاماده‌یی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیشی ده‌ربڕی بۆ نێوه‌ندگیری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌ردوولا .

رۆژمێرى رووداوه‌كان