شاندێكی لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانى ئافره‌ت له‌گه‌ڵ پارێزگارى سلێمانى كۆبۆوه‌

11/12/2017 03:26:00 م
دواى سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كه‌یان بۆ ئیداره‌ى گه‌رمیان و قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخان و بینینى به‌رپرسانى ئیداریى ناوچه‌كه‌ و خه‌ڵكى ئاواره‌ى دووزخورماتوو كه‌ له‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان نیشته‌جێن، شاندی لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانى ئافره‌ت له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11/12/2017 ، سه‌ردانى د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگارى سلێمانى-یان كرد بۆ به‌دواداچوونى كێشه‌كانى ده‌ربه‌ندیخان و پێداویستیى ژنانى دووزخوورماتوو كه‌ له‌ گه‌رمیان نیشته‌جێن.
له‌ دیدارێكدا سه‌ره‌تا شانده‌كه‌ی لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی ئافره‌ت له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ پێكهاتبوو له‌ ئێڤار ئیبراهیم، سه‌رۆكى لیژنه‌ و كه‌ژاڵ هادى جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و حه‌یات مه‌جید، بڕیارده‌رى لیژنه‌كه‌، پیرۆزبایییان ئاراسته‌ى پارێزگارى نوێى سلێمانى كرد به‌بۆنه‌ى ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك پارێزگارى سلێمانى، پاشان سه‌رجه‌م داواكارییه‌كانى ژنانى دووزخوورماتوویان ئاراسته‌ى پارێزگار كرد و سه‌رۆكایه‌تیى لیژنه‌كه‌ باسیان له‌ پێداویستییه‌كانى قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخان كرد، كه‌ رۆژى پێشوو كۆوبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدابوون.
له‌ به‌رامبه‌ردا د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگارى سلێمانى، وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی خۆی بۆ لیژنه‌كه‌ به‌رامبه‌ر به‌دواداچوونیان بۆ پرسی ژنانی دووزخوورماتوو و داواكارییه‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ سه‌ردانییان كردوون، ئاماده‌یی ته‌واوی خۆی ده‌ربری بۆ هه‌موو جۆره‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌ك بۆ لیژنه‌كه‌ و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ن و رایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ به‌یانى بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ كه‌رتى ته‌ندروستیى ده‌ربه‌ندیخان ته‌رخانكراوه‌و له‌ ئێستادا به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ته‌ندروستیى سلێمانى چۆته‌ قه‌زاكه‌".
هه‌روه‌ها شاندى لیژنه‌ى داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی ئافره‌ت، داوایان له‌ پارێزگار كرد راپۆرتێكیان له‌سه‌ر قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخان بۆ ئاماده‌ بكه‌ن بۆئه‌وه‌ى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تیى وڵاتان بخوێندرێته‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌ به‌منزیكانه‌ ئه‌نجامبدرێت. 

رۆژمێرى رووداوه‌كان