سێ لیژنه‌ی په‌رله‌مان راپۆرتی كۆتایی له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای لێبوودنی گشتی ئاماده‌ ده‌كه‌ن

03/12/2017 02:55:00 م

سه‌عات 10ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ 03/12/2017 كۆبوونه‌وه‌ی هه‌رسێ لیژنه‌كانی یاسایی و ناوخۆ و مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی كوردستان له‌باره‌ی هه‌رسێ پرۆژه‌ یاسای پێشنیاركراو ده‌رباره‌ی لێبوودنی گشتی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌رێوه‌چوو.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ سه‌رۆك و جێگرو بریارده‌رو ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی هه‌رسێ لیژنه‌كانی یاسایی و كاروباری ناوخۆ و مافی مرۆڤی په‌رله‌مان به‌رێوه‌چوو، تێیدا گفتوگۆ كرا له‌باره‌ی هه‌رسێ پرۆژه‌ یاسای پێشنیاركراو ده‌رباره‌ی لێبوودنی گشتی و پێشنیازو بۆچوونی نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و نوێنه‌رانی حكومه‌ت بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندتركردن و پوختكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كان بۆ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیدارو په‌رله‌مانتاران خرایه‌روو.

له‌ژێر رۆشنایی راسپارده‌و پێشنیازه‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی رابردووی نێوان په‌رله‌مان و نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی په‌رله‌مان راپۆرتی كۆتایی خۆیان له‌باره‌ی هه‌رسێ پرۆژه‌ یاسای پێشنیاركراو ده‌رباره‌ی لێبووردنی گشتی له‌هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ ده‌كه‌ن و ره‌شنووسی هه‌ر سێ پرۆژه‌ یاسای پێشكه‌شكراو له‌باره‌ی  لێبوودنی گشتی له‌هه‌رێمی كوردستان، له‌چوارچێوه‌ی یه‌ك پرۆژه‌ یاسادا رێكخراو مادده‌و برگه‌كانی  گفتوگۆی له‌سه‌ركرا.

 بریاریشه‌ دوای پێداچوونه‌وه‌ به‌ راوبۆچوونه‌كانی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان و جێكردنه‌وه‌یان له‌راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌رسێ لیژنه‌كه‌، راپۆرته‌كه‌ پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت تاوه‌كو له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا بخرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان بۆ ئه‌نجامدانی رێككاره‌ یاساییه‌كانی.


رۆژمێرى رووداوه‌كان