شاندى په‌رله‌مانى كوردستان: "هه‌ڵبژاردنى خۆرئاوا سه‌ركه‌وتوبوو"

02/12/2017 02:39:00 م
شاندى په‌رله‌مانى كوردستان چاودێرى هه‌ڵبژاردنى خۆرئاواى كوردستانى كرد و راپۆرتێكیشی له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان ده‌كات.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2/12/2017، شاندێكى په‌رله‌مانى كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكى په‌رله‌مانتارانى باكورى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى وڵاتى توركیا له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى له‌ هه‌رێمى جه‌زیره‌ى خۆرئاواى كوردستان باسیان له‌ پرۆسه‌ى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد.
له‌سه‌ره‌تاى كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ شێركۆ حه‌مه‌ ئه‌مین، ئه‌ندامى شاندى په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاند: "له‌ چه‌ندین بنكه‌ چاودێریى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى دوێنێمان كرد و پرۆسه‌كه‌ سه‌ركه‌وتوبوو".
لای خۆشییه‌وه‌، زانا عه‌بدولڕه‌حمان، ئه‌ندامى شاندى په‌رله‌مان بۆ خۆرئاوا باسى له‌وه‌كرد، كه‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن سه‌ركه‌وتوبووه‌ و  له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردانه‌كان راپۆرتێك ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كه‌ن.
باسى له‌وه‌شكرد، كه‌ ئه‌وان له‌ سه‌ردانه‌كه‌یان حزبه‌ سیاسییه‌كانى خۆرئاوا ده‌بینن و په‌رله‌مانیش ماڵى هه‌مووانه‌ و پێمان باشه‌ له‌سه‌ر یه‌ك مێزى گفتوگۆ دابنیشن و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
شاندى په‌رله‌مانى كوردستان پێكهاتوبو له‌ هه‌ریه‌ك له‌( ئامینه‌ زكرى، شێركۆ حه‌مه‌ ئه‌مین و زانا عه‌بدولڕه‌حمان) ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی كوردستان، له‌سه‌ر داواى كۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنى خۆرئاواى كوردستان له‌ خۆرئاواى كوردستان چاودێریى هه‌ڵبژاردنییان كرد.
هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى رێڤه‌به‌رى شاره‌وانییه‌كان رۆژی هه‌ینى 1/12/2017 ، له‌ هه‌رسێ هه‌رێمى خۆرئاواى كوردستان ئه‌نجامدرا و پرۆسه‌كه‌ له‌ هه‌شتى به‌یانى تا ده‌ى شه‌و به‌رده‌وام بوو.

رۆژمێرى رووداوه‌كان