جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌ردانی كونسوڵخانه‌ی فه‌ڵه‌ستین له‌ هه‌ولێر ده‌كات

28/11/2017 01:50:00 م
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 28/11/2017، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌یاوه‌ریی شاندێك له‌ راوێژكارانی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌ردانی كونسوڵخانه‌ی فه‌ڵه‌ستین-یان له‌ شاری هه‌ولێر كرد و له‌لایه‌ن نه‌زمی حه‌زوری كونسوڵی فه‌ڵه‌ستین پێشوازیی لێكرا.
له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ پیرۆزبایی رۆژی 29 ی نۆڤه‌مبه‌ری له‌گه‌لی فه‌ڵه‌ستین كرد، ئه‌و رۆژه‌ی كه‌وا نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌ رۆژی پشتیوانی له‌ گه‌لی فه‌ڵه‌سین له‌ ساڵی 1977 بڕیاری لێدرا، هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی به‌ په‌یوه‌ندیی دێرینی نێوان هه‌ردوو گه‌لى فه‌ڵه‌ستین و كورد كرد كه‌وا هه‌ردوو گه‌ل مافی دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیان هه‌یه‌ وه‌ك هه‌موو گه‌للانی دونیا بۆئه‌وه‌ى به‌ ئازادی و ئاشتی و دیموكراسی بژین.
له‌به‌رامبه‌ردا نه‌زمی حه‌زوری، كونسوڵی فه‌ڵه‌ستین سوپاسی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ ئاماده‌بوونی له‌م رۆژه‌ پیرۆزه‌ی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین و هیوای خواست هه‌ردوو گه‌ل زیاتر درێژه‌ به‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیرۆكییه‌كانیان بده‌ن وه‌ك دوو گه‌لی سته‌مدیده‌ی ناوچه‌كه‌ به‌ مافه‌كانیان شادببن.

رۆژمێرى رووداوه‌كان