جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ باڵێۆزی هۆڵه‌ندا له‌ عێراق و كونسوڵی هۆڵه‌ندا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

27/11/2017 02:12:00 م
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27/11/2017 ، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ته‌لاری په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ مارتیگس ۆڵته‌رز ، باڵیۆزی هۆڵه‌ندا له‌ عێراق و جانێت ئه‌لبێرا، كونسوڵی هۆڵه‌ندا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌ دیدارێكدا سه‌ره‌تا مارتیگس ۆلته‌رز، باڵیۆزی هۆڵه‌ندا له‌ عێراق، مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ په‌رله‌مانى كوردستان خسته‌روو كه‌ بۆ ئاگاداربوونیه‌تی له‌ دواپێشهاته‌كان و بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان و دووپاتیشی كرده‌وه‌  كه‌ عێراق جێگه‌ی گرنگیی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هۆڵه‌ندایه‌ و له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بن ،به‌تایبه‌ت له‌ رووی سیاسی و كارگێڕیدا و  هیوای خواست كه‌ به‌ گفتوگۆ و دیالۆگ و چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م كێشه‌كانى نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕالیی عێراق بكرێت. 
لای خۆیه‌وه‌  جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان تیشكی خسته‌ سه‌ر بارودۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و  ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ى كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراقدا هه‌ن و  ئاماژه‌ی به‌ هه‌وڵه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی گشت كێشه‌كان و رایگه‌یاند: " بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌یاننامه‌ى ده‌ركردووه‌ و به‌روون و ئاشكرا داوامان كردووه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و كێشه‌و گرفتانه‌ ده‌بێت به‌ دیالۆگ و گفتۆگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن نه‌وه‌ك به‌ هێزی سه‌ربازی،  له‌م سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌یی ته‌واوی هه‌یه‌ بۆ پشتگیریكردن و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاشته‌وایی سیاسی و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان .
دوابه‌دوای دیداره‌كه‌، به‌ یاوه‌ریی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، باڵیۆزی هۆڵه‌ندا له‌ عێراق و كونسوڵی هۆڵه‌ندا له‌ هه‌رێمی كوردستان هۆڵی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانى كوردستانیان به‌سه‌ركرده‌وه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ رێژه‌ی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان  و فراكیسۆنه‌كان به‌ شاندی میوان ئاشنا كران .

رۆژمێرى رووداوه‌كان