سیمیناری پڕۆژه‌ی په‌ره‌پێدانی مافی كه‌مایه‌تییه‌كان له‌عێراق له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو

27/11/2017 01:40:00 م
سه‌عات 10ی سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ 27/11/2017 ، به‌به‌شداریی د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، سیمیناری پڕۆژه‌ی په‌ره‌پێدانی مافی كه‌مایتییه‌كان له‌عیراق، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی په‌رله‌مان و رێكخراوی هاوپه‌یمانیی كه‌مایتییه‌كانی عیراق به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ده‌سپێكی سیمیناره‌كه‌دا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی نوێنه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ كاروباری یۆنامی و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ و سه‌رۆكی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران و ژماره‌یه‌ك له‌ چالاكوانانی رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌ڕێوه‌چوو، د.جه‌عفه‌رئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان وتارێكی پێشكه‌شكردو تێیدا رایگه‌یاند: "وه‌ك سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان خۆشحاڵین به‌ئه‌نجامدانی سیمینارێكی له‌مشێوه‌یه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌مافه‌كانی مرۆڤ و مافی پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێم و عێراقدا ده‌ژین، گه‌وره‌یشه‌ بۆ په‌رله‌مان كار له‌سه‌ر پرسێكی وه‌هادا بكات و هه‌ر له‌سه‌ره‌تای پێشكه‌شكردنی بیرۆكه‌ی ئه‌نجامدانیشه‌وه‌ پێشوازییه‌كی گه‌رممان لێكرد".
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان وتیشی: "خۆشبه‌ختانه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی گه‌وره‌و كاریگه‌ری بڕیوه‌ له‌پێدانی مافی كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و پێویست ده‌كات كاری زیاتریش له‌وباره‌یه‌وه‌ پێشكه‌ش بكرێت، به‌ڵام له‌هه‌مووی گرنگتر به‌رده‌وامیبوونه‌ له‌سه‌ر پێشخستن و به‌رجه‌سته‌كردنی مافی پێكهاته‌كان، هه‌روه‌ك ده‌شزانن هه‌رێمی كوردستان و گه‌لی كوردستان ده‌مێكه‌ ئه‌وه‌ی یه‌كلاكردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌و مافانه‌ ده‌بێت بدرێن".
له‌به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "مه‌به‌ستمانه‌ بگه‌ینه‌ ده‌وڵه‌تی هاووڵاتیبوون و كۆمه‌لگه‌ی هاوڵاتیبوون، هه‌نگاونانیش به‌و ئاراسته‌یه‌ هه‌نگاوی كرده‌یی ده‌وێت و پێویسته‌ له‌واقیعیشدا ره‌نگبداته‌وه‌، له‌و بواره‌شدا هه‌رێم هه‌نگاوی جدیی ناوه‌ به‌وه‌ی كه‌ مافی پێكهاته‌كان له‌ده‌ستووریشدا وه‌ك بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كان ته‌ماشا بكرێت و بچه‌سپێت و ئه‌مه‌ش یه‌كلابۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌و مافانه‌ پارێزراو ده‌بن و ئه‌مه‌ش ته‌نها رای پارتێك و لایه‌نێكی سیاسی نییه‌ به‌ڵكو گوزارشته‌ له‌هه‌مووان".
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی وته‌كه‌یدا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه‌ پرسه‌كانی مافی مرۆڤ و پاراستنی مافی كه‌مینه‌كان، بوونه‌ته‌ پرسێكی جیهانی و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ رایگه‌یاند: "ئێمه‌ لێره‌ نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی پێویستیمان به‌هه‌ماهه‌نگی و كاركردنی پێكه‌وه‌یی هه‌یه‌، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش پێویسته‌ هه‌وڵه‌كان بخرێنه‌ گه‌ڕ كه‌ رێز له‌و مافانه‌ بگیرێن، به‌تایبه‌تی دوای رووداوه‌كانی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ، كه‌ بنه‌ماكانی دیموكراسییه‌ت و فیدراڵییه‌ت و مافه‌كانی مرۆڤ له‌به‌رده‌م هه‌ره‌شه‌ی گه‌وره‌و جدیدان و پێویسته‌ به‌رییان لێبگیریت".
سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان ته‌ئكیدی له‌سه‌ر پاراستنی مافه‌كانی كه‌مینه‌كان و رێزگرتن له‌بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ كرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "وه‌ك په‌رله‌مانی كوردستان نه‌ك به‌ته‌نها ئه‌و لیژنانه‌ی كه‌تایبه‌تمه‌ندن به‌مافه‌كانی مرۆڤ و پاراستنی مافه‌كانی كه‌مینه‌كان كار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵكو سه‌رجه‌م لیژنه‌ په‌رله‌مانییه‌كانی دیكه‌ هاوكارو هه‌ماهه‌نگ ده‌بن له‌سه‌رخستن و به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و مافانه‌دا.
 دواتر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی حكومه‌تی هه‌رێم چه‌ند روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی پرسی مافی مرۆڤ له‌عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی بۆ ئاماده‌بووان روونكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "به‌به‌راورد به‌عێراق و ناوچه‌كه‌، هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی زۆرباشی ناوه‌و زیاتریش هه‌ماهه‌نگبووه‌و ئه‌م راستییه‌ش بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی روونكراوه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌راپۆرتی ساڵانه‌ی عێراقدا بۆ یۆنامی ئه‌و راستییانه‌ له‌لایه‌ن خودی نوێنه‌رانی حكومه‌تی فیدراڵی باسكراون".
 
 
هه‌ربه‌پێی به‌رنامه‌ی كاری سیمیناره‌كه‌، له‌لایه‌ن د.دیندار زێباری، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌، باس له‌مافی كه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌تییه‌كانی و ئازادی ئاینییه‌كان و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌عێراق و ناوچه‌كه‌ له‌و بواره‌دا روونكرانه‌وه‌.
دواتر به‌رنامه‌ی كاری سیمیناره‌كه‌ به‌رده‌وامبوو له‌سه‌ر خستنه‌ڕووی ئامانج و كاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی مافه‌كانی مرۆڤ له‌جنێڤ و پرۆسه‌ی خولی گشتگیر(UPR) .
جێی ئاماژه‌یه‌ سیمیناره‌كه‌ له‌ژێر ناوونیشانی "په‌ره‌پێدانی مافی كه‌مایتییه‌كان له‌عێراق، پلانی هه‌رێمی مافه‌كانی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان، به‌دواداچوونی راسپارده‌كانی ئه‌نجوومه‌نی مافه‌كانی مرۆڤ له‌جنێڤ و پرۆسه‌ی خولی گشتگیر (UPR) له‌هۆڵی په‌ناگیریی په‌رله‌مانی كوردستان به‌هه‌ماهه‌نگیی لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیی په‌رله‌مان و رێكخراوی هاوپه‌یمانیی كه‌مایتییه‌كانی عێراق و به‌ ئاگاداریی رێكخراوی هاوكاریی گه‌لی نه‌رویج (NPA)  به‌ڕێوه‌چوو.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

<كانون الثاني 2018>
سأاثأخج
303112345
6789101112
13141516171819
20212223242526
272829303112
3456789