لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی كار بۆ هه‌موارى یاساى پاراستنی مافى پێكهاته‌كان ده‌كات

22/11/2017 12:12:00 م
پڕۆژه‌ى په‌ره‌پێدانى مافى كه‌مایه‌تییه‌كان له‌ عێراق، ناوونیشانى ئه‌و سیمیناره‌بوو كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ هاوكاریی رێكخراوی فریاگوزاریی میللیی نه‌رویج (PAO) بۆ هه‌موارى  یاساى ژماره‌ 5ى ساڵى 2015 له‌ هۆڵی په‌ناگیری له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
 
 
 
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22ى تشرینى دووه‌مى 2017، لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ هاوكاریى رێكخراوی فریاگوزاریی میللیی نه‌رویج PAO ، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و ژماره‌یه‌ك له‌ نوێنه‌رانى پێكهاته‌ كه‌مینه‌ییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و شاره‌زایانی ئه‌و بواره‌، له‌ هۆڵی په‌ناگیری له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، سیمینارێكی له‌ ژێر ناوونیشانی پڕۆژه‌ى په‌ره‌پێدانى مافى كه‌مایه‌تییه‌كان له‌ عێراق، هه‌موارى یاسای ژماره‌ (5)ى ساڵی 2015، یاسای پاراستنی مافى پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق، سازكرد.
له‌ سیمیناره‌كه‌دا سه‌ره‌تا سالار مه‌حمود، سه‌رۆكى لیژنه‌ى كاروباری كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و تیایدا مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانى سیمیناره‌كه‌ى بۆ ئاماده‌بووان روونكرده‌وه‌ كه‌ په‌ره‌پێدانه‌ به‌ مافى كه‌مایه‌تییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ئاماژه‌ی به‌ گرنگیی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌و پێویستیی هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاسای ژماره‌ (5)ى ساڵی 2015، یاسای پاراستنی مافى پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان-عێراق كرد.
هه‌ر له‌ سیمیناره‌كه‌دا وتارى تۆڕى هاوپه‌یمانیى كه‌مینه‌ییه‌كانى عێراق سه‌باره‌ت به‌ خستنه‌ڕووى بیرۆكه‌ى پڕۆژه‌ و پێشنیازه‌كانى هه‌موارى یاساى ژماره‌ 5ى ساڵى 2015 پێشكه‌ش كرا كه‌ بریتییه‌ له‌ یاساى پاراستنى مافى پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان- عێراق، پاشان به‌شداربووانى سیمیناره‌كه‌ بیروڕاى خۆیان له‌وباره‌یه‌وه‌ خسته‌ڕوو، 
هه‌ر له‌سیمیناره‌كه‌دا داواكرا واژۆ بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساكه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ كۆبكرێته‌وه‌ و سه‌رنج و تێبینى و پێشنیازه‌كانی به‌شداربووانى سیمیناره‌كه‌ش له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی  و رێكخراوى فریاگوزاریى میللیى نه‌رویجى تۆماركران و له‌ هه‌موارى یاسایه‌كه‌ سوودیان لێده‌بینرێت له‌ پێناو فه‌راهه‌متركردنى مافى پێكهاته‌كان.
بڕیاریشه‌ له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی  پڕۆژه‌ى هه‌موارى یاساكه‌ ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان بكات.
شایانى باسه‌ یاساى پاراستنى مافى پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان-عێراق، پێكهاتووه‌ له‌ (9) مادده‌ به‌ ژماره‌ (5)ى ساڵى 2015 له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌رچوو.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

<كانون الثاني 2018>
سأاثأخج
303112345
6789101112
13141516171819
20212223242526
272829303112
3456789