په‌رله‌مانی كوردستان هاوخه‌میی خۆى بۆ قوربانییانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ى هه‌فته‌ی رابردوو گه‌یانده‌ كونسوڵى ئێران له‌ هه‌ولێر

22/11/2017 10:25:00 ص
به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندن و ده‌ربڕینی هاوخه‌میى په‌رله‌مانی كوردستان بۆ قوربانییانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ى كرماشان و سه‌رپێل زه‌هاو و ناوچه‌كانی تر له‌ كۆمارى ئیسلامیی ئێران، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22/11/2017، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌یاوه‌ریی خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و راوێژكارانی په‌رله‌مان، سه‌ردانی كونسوڵخانه‌ی ئێران-یان له‌ شاری هه‌ولێر كرد و له‌لایه‌ن مورته‌زا عیبادی‌، سه‌ركونسوڵی‌ كۆماری‌ ئیسلامیی‌ ئێران له‌ هه‌ولێر پێشوازییان لێكرا.
 
 
 
له‌و سه‌ردانه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پرسه‌و هاوخه‌میی خۆی و په‌رله‌مانی كوردستانى بۆ قوربانییانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ى هه‌فته‌ی رابردوو كه‌ به‌ شێكی زۆرى شار و شارۆچكه‌كانى هه‌رێمی كوردستان و عێراق و كۆمارى ئیسلامیی ئێرانی گرته‌وه‌، گه‌یانده‌ كونسوڵخانه‌ی ئێران و رایگه‌یاند: "ته‌واوی قوربانیانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ ئاماژه‌یه‌كی روونه‌ بۆ گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ ئێران كه‌ بووه‌هۆی گیانله‌ده‌ستدان و برینداربوونی خه‌ڵكێكى زۆر له‌ هاووڵاتییانی سڤیل و وێرانبوونی به‌شێكی زۆرى باڵه‌خانه‌كان".
هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌دا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، باسی هه‌رێمی كوردستانیشى كرد كه‌ بێبه‌ش نه‌بوو له‌و رووداوه‌ و زه‌ره‌روزیانه‌كانی ئه‌و بوومه‌له‌رزه‌یه‌ و هیوای خواست كه‌ گیانی قوربانییانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ به‌به‌هه‌شت شادببێت و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌شی بۆ برینداره‌كان خواست.
له‌به‌رامبه‌ردا كونسوڵی ئێران له‌شاری هه‌ولێر، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئه‌و سه‌ردانه‌ ده‌ریڕی و باسی له‌ په‌یوه‌ندیی مێژوویی نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆمارى ئیسلامیی ئێرانی كرد و هیوای خواست كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كان زیاتر به‌ره‌وپێشه‌وه‌ بچن.

رۆژمێرى رووداوه‌كان