پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بۆ كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال

03/10/2017 08:04:00 م

ئەمڕۆ 3/10/2017 كەسایەتیی گەورەی خەباتی سیاسی و مەدەنی و دبلۆماسیی كوردستان و عێراق، سەرۆك " مام جەلال " سكرتێری گشتیی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان، ماڵئاوایی لە گەلی كوردستان كرد.

بەم بۆنە غەمناكەوە، بە ناوی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو سەرۆك " مام جەلال" و سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی كوردستان و سەرجەم گەلی كوردستان دەكەین  و لە خوای گەورە دەپارێینەوە گیانی سەرۆك " مام جەلال" بە بەهشتی بەرینی خۆی شادبكات و سەبووری بە هەموو لایەكمان ببەخشێت.

 خوالێخۆشبوو  سەرۆك "مام جەلال" هێمای یەكرێزی و پێكەوەژیانى گەلی كوردستان و پارێزەری دەستكەوتەكانی میللەتەكەمان و هەموو گەلانی عیراق بوو و ڕۆڵێكی سەرەكی و گەورەی هەبوو لە دامەزراندنی دەزگا شەرعییەكانی كوردستان و چەسپاندنی  دیموكراسی لە كوردستان و عیراقدا.

بە ماڵئاوایی سەرۆك " مام جەلال"، گەلی كوردستان و عیراق زاتێكی مەزنی خەباتی سیاسی و دیموكراسی لەدەستدا و كۆستێكی گەورەبوو بۆ میللەتەكەمان و سەرجەم گەلانی عیراق و ناوچەكە.

سڵاو بۆ خەبات و گیانی سەرۆك " مام جەلال" و هیوا و ئاواتەكانی و گیانی سەرجەم شەهیدانی كوردستان.

 

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان

3/10/2017


رۆژمێرى رووداوه‌كان