جێگری سەرۆكی پەرلەمان پێشوازیی لە كونسۆڵی فەرەنسا لە هەولێر دەكات

03/10/2017 03:50:00 م

ئەمڕۆ سێشەممە 3/10/2017 دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازیی لە " دۆمنیك ماس" كونسۆڵی وڵاتی فەرەنسا لە هەولێر كرد.

لە دانیشتنێكدا، بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان، جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەخێرهاتنی میوانەكە كرد وتیشكی خستە سەر دوایین پێشهاتەكان لە سەر ئاستی كوردستان و پرۆسەی ریفراندۆم و ئەو هەرەشانەی كە لە هەرێمی كوردستان دەكرێن و كێشەكان لە گەڵ بەغدا، هەروەها ئاماژە بە ئەكتیڤكردنی پەرلەمانی كوردستان كرد و ئەو دانیشتنانەی كە ئەنجامیانداوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چەند بابەتێكی پەیوەست بە ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان. لە لایەكی ترەوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سوپاسی سەرۆك و حكوومەت و گەلی فەرەنسای كرد بۆ ئەو پشتیوانییەی كە لە گەلی كوردستان دەكەن و هەوڵەكانی فەرەنسا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە گەڵ بەغدا لە رێگای دیالۆگ.

لە بەرانبەردا  كونسۆڵی فەرەنسا لە هەولێر پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان دووپاتكردەوەو جەختیشی لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولادا كرد . هەر لە دانیشتنەكەدا چەند بابەت و تەوەرێكی تری پەیوەست بە رەوشی كوردستان و ناوچەكە و رەنگدانەوەی پرۆسەی ریفراندۆم باسكران.    


رۆژمێرى رووداوه‌كان