جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ شاندێكی وڵاتی ئه‌ڵمانیا ده‌كات

23/04/2017 10:01:00 م
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 2017/4/23، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی ، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی كرد له‌ شاندێكی وڵاتی ئه‌ڵمانیا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی دێته‌ر دۆمبرۆسكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی براندبۆرگی ئه‌ڵمانیا و سه‌رۆكی سه‌نته‌ری مافی مرۆڤی كۆتبوس و كۆنێل كۆنس به‌رپرسی سه‌نته‌ری لۆجیستیك و هاوكارییه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌رییان.
له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و راوێژكارانی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، سه‌ره‌تا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستان به‌خێرهاتنی شانده‌كه‌ی  كرد ‌و خۆشحاڵی خۆی به‌سه‌ردانیكردنی ئه‌م شانده‌ بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌رۆڵی ئه‌ڵمانیا له‌ هاوكاریكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرد له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش له‌ رووی لۆجیستی و مه‌شقپێكردنیان و تیشكی خسته‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی به‌هێزی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و وڵاتی ئه‌ڵمانیا و هیوای خواست كه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌رده‌وامیی هه‌بێت و به‌ره‌وپێش ببرێت.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی له‌ بارودۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵه‌كان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كانی هه‌رێم و په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی به‌غدا كرد و ئاماژه‌ی به‌ ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم و داواشیكرد كه‌ حكومه‌ت و وڵاتی ئه‌ڵمانیا وه‌ك چۆن هه‌میشه‌ هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بوون له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بۆ ریفراندۆمیش به‌هه‌مان شێوه‌ هاوكارمان بن كه‌ مافێكی سروشتیی هه‌ر گه‌لێكه‌ كه‌ بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆی بدات.
لای خۆیانه‌وه‌ شاندی خۆشحاڵی خۆیان به‌ سه‌ردانیكردنی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی و رۆلی قاره‌مانانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان له‌ شه‌ڕی دژ به‌داعش رۆلی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ له‌ باوه‌شگرتنی ئاواره‌یه‌كی زۆرى ناوچه‌ جیاجیاكانی عێراق به‌رزنرخاند. هه‌روه‌ها كورته‌یه‌كیان سه‌باره‌ت به‌كارو چالاكییه‌كانی رێكخراوه‌كه‌یان خسته‌ روو كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا هاوكاری و كۆمه‌كیان گه‌یاندۆته‌ هه‌رێمی كوردستان و به‌رده‌وامیش ده‌بن، هه‌روه‌ها خۆشحاڵی خۆیان به‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ی نێوان پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییانه‌ی كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ ده‌ربڕی، سه‌باره‌ت به‌ پرسی  ریفراندۆم و بڕیاردان له‌ مافی چاره‌نووس، شاندی میوان ئه‌و پرسه‌یان به‌ مافێكی سروشتیی هه‌ر گه‌لێك زانی ‌و پشتگیریی خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم نیشاندا
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، له‌ رێگه‌ی شاندی میوانه‌وه‌ سڵاوى په‌رله‌مانی كوردستانى بۆ ئه‌نگێلا مێركڵ، راوێژكارى ئه‌ڵمانیا نارد، هه‌روه‌ها دیاریی رێزلێنانی به‌خشییه‌ شاندی میوان به‌رامبه‌ر ئه‌و كارو چالاكییانه‌یان كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌ بوارى مافه‌كانی مرۆڤ و هاوكاریكردنی ئاواره‌كان  ئه‌نجامیانداوه‌.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

<تشرين الثاني 2017>
سأاثأخج
28293031123
45678910
11121314151617
18192021222324
2526272829301
2345678