پەیامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەبۆنەی رۆژی ڕۆژنامەگەری كوردی

21/04/2017 12:33:00 م

بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری كوردی و "119" ەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی یەكەم ڕۆژنامەی كوردی، گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ڕۆژنامەنووسان و میدیاكارانی كوردستان دەكەین و ماندووبوونیان لە پێناو جێبەجێكردنی ئەركە پیرۆزەكەیان بەرز رادەگرین و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین لە ئەركە داهاتووەكانیاندا لە پێناو زیاتر خزمەتكردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و وەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەكەی.

ڕۆژنامەگەری كوردی، بە درێژایی مێژوویەكەی، قۆناغی سەخت و گرنگی بڕیوە و هەر لە ڕۆژی دەرچوونی یەكەم ژمارەی ڕۆژنامەی كوردستان، كە لە لایەن خانەوادەی كوردپەروەری بەردرخانییەكان، لە 22 ی نیسانی ساڵی 1898 لە قاهیرە درچووە، هەمیشە دەنگی بەرزی خەباتی گەلەكەمان بووە دژی ستەم و زۆڕداری و دیكتاتۆری و ناعەدالەتی.

رەوتی ڕۆژنامەگەری كوردی لەگەڵ ڕەوتی شۆڕش و بەرخودانی گەلی كوردستان و شان بە شانی پێشمەرگە لە یەك سەنگەر و یەك ئاراستەدا، بەرەو ئامانجە سەرەكییەكانی گەلەكەمان هەنگاوی ناوە. ئەمڕۆش پێویستە ئەو ئەركە پیرۆزە بە هزروبیری ژیرانەترو ئازایانەتر هاوتەریببێت لەگەڵ سەردەمی تەكنولۆجیای خێرا و سەختیی و هەستیاریی ئەم قۆناغە، لە پێناو پاراستنی دەستكەوت و بەرژەوەنییە گشتییەكانی گەلەكەمان و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی كوردستان .

ئۆمێدەوارین، رۆژ لە دوای رۆژ و لە سایەی یاسای كاری ڕۆژنامەنووسی و ڕادەربڕینی ئازاددا، رەوتی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندن لە كوردستاندا پێشكەوتنی زیاتر بە خۆوەوە ببینێت و پرنسیپ و ئیتیكی ڕۆژنامەنووسی زیاتر ڕەچاوبكرێت .

دووبارە، ڕۆژی ڕۆژنامەگەری كوردی لە سەرجەم ڕۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان پیرۆزدەكەین و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین.

 

 

 

دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان


رۆژمێرى رووداوه‌كان