پەیامی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لە بارەی ڕووداوەكانی شنگال

03/03/2017 07:22:00 م

   بە داخێكی زۆرەوە ئەمڕۆ 3/3/2017 ڕووداوێكی نەخوازراو لە دەڤەری شنگال روویداوە كە راستەوخۆ زیان بە بەرژەوەندییەكانی كوردستان بەگشتی دەگەیەنێت.

   بە ناوی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانەوە، داوا لە هەموو لایەك دەكەین  ئارامی بپارێزن و گرفت و ناكۆكییەكان بە دانوستان چارەسەربكەن و رێگە لە تەشەنەبوونی كێشە سیاسییەكان بگیرێت، بۆ ئەوەی چیتر خوێنی كورد بە دەستی كورد نەرێژرێت. هەروەها داوا دەكەین  سیاسەتی خۆسەپاندنی و دیاردەی چەكداری لەلایەن پەكەكەوە لە ناوچەكەدا رابگیرێت و چیتر یاساكانی هەرێمی كوردستان پێشێلنەكاتەوە و هەڵەكانی پێشوو دووبارەنەكاتەوە و نەبێتە بەشێك لە پیلانی ناحەزان دژ بە خەڵكی كوردستان و هێزەچەكدارەكانيشى لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكە  دووربخاتەوە كە چەندین ساڵە بە بیانۆی جیاجیا، و بەتایبەتیش دوای هێرشەكانی تیرۆریستانی داعش، ئەم پێشێلكارییانەی ئەنجامداوە.

   پەرلەمانی كوردستان، لە سۆنگەی پێگە و پێداگیریكردنی لە پاراستنی بەرژەوەندە باڵاكانی خەڵكی كوردستان، شەری براكوژی قەدەخەیكردووە و نابێت جارێكی تر ڕوویبداتەوە، لە هەمان كاتیشدا نابێت رێگە لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، كە هێزێكی شەرعی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانە بگیرێت، بۆ ئەوەی بە ئەركی یاسایی و نیشتیمانیی خۆی هەلبستێت لەپێناو پاراستنی  یاسا و رێساكانی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی.

 

 

 

 

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان

3/3/2017


رۆژمێرى رووداوه‌كان