لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم وه‌ڵامی لێدوانه‌كانی مالیكی ده‌داته‌وه‌

06/01/2017 08:41:00 ص
لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، وه‌ڵامی لێدوانه‌كانی نوری مالیكی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی یاسا ده‌داته‌وه‌ كه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی "یو نیوز" هه‌ندێ بۆچوون ‌و قسه‌ی نابه‌جێی به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان خستبووه‌ روو، ئه‌مه‌ش ده‌قی وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌یه‌:
نوری مالیكی وه‌ك مرۆڤێكی شه‌ڕانگێز ‌و سه‌ركرده‌یه‌كی فاشیل له‌ قۆناغه‌ هه‌ره‌ چاره‌نووسسازه‌كانی ده‌وڵه‌تی عیراق كار ‌و كرده‌وه‌ نایاساییه‌كانی تا ماوه‌یه‌كی زۆر عیراق ‌و ناوچه‌كه‌ باجیان له‌سه‌ر ده‌دات، خه‌ڵكی كوردستان هه‌ر له‌ زووه‌وه‌ تێگه‌یشتنیان بۆ عه‌قڵیه‌تی دیكتاتۆرییانه‌ ‌و تاكڕه‌وانه‌ ‌و عه‌سكه‌رتارییانه‌ ‌و نا دیموكراسییانه‌ی مالیكی هه‌بووه‌، ده‌نگی ناڕه‌زایی ‌و بێبه‌ریبوونانه‌ی له‌ كار ‌و ئه‌نجامه‌كانیدا ‌و دواتر رووی راسته‌قینه‌ی بۆ هه‌موو  ئه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای وڵاتیان ده‌ویست ده‌ركه‌وت، له‌ هه‌ر شوێنێك بێت مالیكی ‌و هه‌ڵوێسته‌ دوژمنكاره‌كانی له‌ به‌رامبه‌ر ‌و خاك ‌و خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌ كار ‌و بانگه‌شه‌ی فیتنه‌گه‌ری دووپات ده‌كاته‌وه‌ ‌و له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ش جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ بڕیاری په‌رله‌مان ‌و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ‌و خه‌ڵكی كوردستان ‌و رۆله‌ فیداكار ‌و پێشمه‌رگه‌ی ئه‌مه‌كدار ‌و پارێزه‌ری كورد ‌و كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی ‌و ئاینییه‌كانه‌وه‌ شه‌ڕه‌فمه‌ندانه‌ له‌سه‌ر خاك ‌و زێدی باب ‌و باپیرانمان وه‌ستاون ‌و سنووری كوردستان له‌ خانه‌قین ‌و كه‌ركوك تا شنگال ده‌پارێزن ده‌م و ده‌ستی هه‌موو ئه‌و داعش ‌و به‌رگ داعشانه‌ ده‌بڕن كه‌ بیانه‌وێت په‌لاماری راسته‌وخۆ ‌و نا راسته‌وخۆی كوردستان بده‌ن، هه‌روه‌ك چه‌ند جارێك خۆیان تاقیكرده‌وه‌ نه‌یانتوانی ‌و ناشتوانن هزر ‌و كاری دڕندانه‌ی ئه‌نفال ‌و سووتماك جارێكی تر بهێننه‌وه‌ ناو خاكی پیرۆزی كوردستان.
لێره‌شه‌وه‌ داوا له‌ كوتله‌ كوردستانییه‌كان ‌و عاقڵمه‌ندانی ده‌وڵه‌تی یاسا ‌و برایانی شیعه‌ ‌و رای گشتی ده‌كه‌ین رێگه‌ نه‌ده‌ن ئاشته‌واییی نێوان پێكهاته‌كان ‌و نه‌ته‌وه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستی مرۆڤی نه‌خۆش ‌و داخ له‌دڵی وه‌ك مالیكی له‌كه‌دار بێت ‌و پێویسته‌ به‌ رێكاره‌ دیموكراسییه‌كان به‌ توندی وه‌ڵامی گووتار ‌و ره‌فتاری دژ به‌ ئاشتی ‌و پێكه‌وه‌ژیان بدرێته‌وه‌.
سه‌ربه‌رزی بۆ شه‌هیدانی كوردستان
به‌رز ‌و شه‌كاوه‌ بێت ئاڵای كوردستان
له‌سه‌ر خاك ‌و زێدی كوردستانیان

 لیژنه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم  
  له‌ په‌رله‌مانی كوردستان
2017/1/5


رۆژمێرى رووداوه‌كان