وه‌فدی بانكی نێوده‌وڵه‌تی قۆناغی یه‌كه‌می چاكسازی له‌ لیستی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تیدا روون ده‌كاته‌وه‌

16/11/2016 04:36:00 م
به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندنی دواین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی پرۆسه‌ی چاكسازی له‌ سیسته‌می مووچه‌ی چاودێریی خێزانی و كه‌مئه‌ندامان و كه‌مده‌رامه‌ته‌كان، سه‌عات 10:30ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2016/11/16 لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ‌و منداڵ ‌و خێزان  له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی بانكی نێوده‌وڵه‌تی كۆبۆوه‌، كه‌ پێكهاتبوو له‌ غه‌سان خۆجه‌ گه‌وره‌ لێپرسراوی پرۆگرامی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌مزی نیمان شاره‌زا له‌ پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تیی رێكخراوه‌كه‌.
له‌ده‌سپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌د، له‌لایه‌ن وه‌فدی بانكی نێوه‌ده‌وڵه‌تییه‌وه‌ ئه‌وه‌ بۆ لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی روونكرایه‌وه‌ كه‌ دوای ساڵێك كاركردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و كه‌رتی تایبه‌ت و هاوشان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی ژماره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی راوێژی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ په‌یوندیداره‌كانی په‌رله‌مان، پێشنیازو راسپارده‌كانی گرووپی پاراستنی كۆمه‌ڵایه‌تیی بانكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ چاكسازی كه‌ له‌چوارچێوه‌ی نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی ستراتیژی پێشكه‌ش كرابوو، توانرا ره‌زامه‌ندیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ده‌ست بێنێت.
وه‌فده‌كه‌ی بانكی نێوه‌ده‌وڵه‌تی ئاماژه‌یان به‌وه‌شدا كرۆكی نه‌خشه‌رێگاكه‌  سێ ئاستی سه‌ره‌كی له‌خۆ ده‌گرێت، یه‌كه‌میان تایبه‌ته‌ به‌ ده‌رفه‌تی كارو بازاڕ په‌یداكردن و دووه‌میش تایبه‌ته‌ به‌ بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و دواهه‌میشیان تایبه‌ته‌ به‌ نه‌هێشتنی هه‌ژاری.  هه‌روه‌ك ئه‌وه‌شییان روونكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و ستراتیژیه‌ته‌ پرۆگرامێك نییه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ ئاماده‌كراوی هێنرابێت، به‌ڵكو نه‌خشه‌رێگاكه‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخ و سروشتی سیاسیی كوردستان دارێژراوه‌. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شییان روونكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان زۆر لایان گرنگه‌ دووباره‌ گفتوگۆ له‌باره‌ی ره‌شنووسی پڕۆژه‌ یاسای بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بكه‌ن كه‌ له‌ ساڵانی پێشوودا په‌رله‌مان كاری له‌سه‌ر كردووه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی په‌رله‌مان داوای روونكردنه‌وه‌ی پێویستی له‌ وه‌فده‌كه‌ی بانكی نێوده‌وڵه‌تی كرد له‌ باره‌ی وه‌ستان و كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی كه‌مئه‌ندامان و چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ ماوه‌ی 15 مانگه‌ به‌شێكییان وه‌ریان نه‌گرتووه‌، ئایا ئه‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ چوارچێوه‌ی راسپارده‌كانی رێكخراوه‌كه‌یان بووه‌؟
له‌وه‌ڵامدا، وه‌فدی بانكی نێوده‌وڵه‌تی له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌ی خسته‌روو كه‌ ئه‌وان كه‌متر له‌ 15 مانگه‌ كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی چاكسازییه‌كه‌یان ده‌كه‌ن و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێشنیازی ئه‌وان نه‌بووه‌و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ رێكخراوه‌كه‌ ته‌نها پێشنیازه‌كان وه‌كو راوێژ پێشكه‌ش ده‌كات وحكومه‌تی هه‌رێم سه‌رپشكه‌ له‌ جێبه‌جێكردنیان. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شییان روونكرده‌وه‌ كه‌ كێشه‌ی گه‌وره‌ی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و بره‌ بودجه‌یه‌ی بۆ چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی دانراوه‌ 75 له‌ سه‌دی بۆ خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت و هه‌ژار خه‌رج ناكرێت. ئه‌وه‌شیان به‌ نموونه‌ باسكرد، له‌ساڵی 2014 زیاتر له‌ 360 ملیار دینار بۆ چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌رجكراوه‌ و له‌و رێژه‌یه‌ ته‌نها 11% بۆ هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌تی راسته‌قینه‌ بووه‌، له‌ كاتێكدا ده‌توانرا 50 هه‌زار دیناریش بۆ هه‌ژارانی راسته‌قینه‌ زیادكرابا و نیوه‌ی ئه‌و بودجه‌یه‌ش ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ده‌بێت كاری یه‌كه‌م دیاریكردنی خێزانی كه‌مده‌رامه‌ت و هه‌ژاری راسته‌قینه‌ و خاوێنكردنه‌وه‌ی لیستی هاوكارییه‌كانه‌ له‌و خێزانانه‌ی كه‌ هه‌ژارنین و به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانی سیاسییه‌وه‌ تێوه‌خزاون.
وه‌فده‌كه‌ی بانكی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وه‌شی خسته‌روو، وه‌كو گرووپی كار سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ی چاكسازی دوو بژارده‌مان له‌به‌رده‌سته‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چاوه‌ڕوان بین تا بارودۆخی سیاسی یه‌كلاده‌بێته‌وه‌ و ده‌سته‌وه‌ستان چاوه‌ڕوان بین، بژارده‌ی دووه‌میش كاركاردنه‌ له‌سه‌ر راستكردنه‌وه‌ و چاكسازیكردن به‌پێی ئه‌و توانایه‌ی له‌به‌رده‌سته‌، بۆیه‌ وه‌كو رێكخراوه‌كه‌مان به‌ باشمان زانیوه‌ ده‌ستبه‌كار بكه‌ین.
له‌ درێژه‌ی روونكردنه‌وه‌كانیشیاندا، وه‌فدی میوان ئه‌وه‌یان خسته‌روو، كه‌ له‌ساڵی 2007 رێژه‌ی هه‌ژاری له‌ هه‌رێم 4.8% بوو له‌ 2012 بۆ 3.5% دابه‌زی و دوای هاتنی تیرۆریستانی داعش و دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هه‌لومه‌رجی سیاسیی هه‌رێم ئه‌و رێژه‌یه‌ له‌ ئێستادا به‌رزبۆته‌وه‌ بۆ 12%. بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌مووان پێكه‌وه‌ هه‌وڵی جدی بده‌ین بۆ راستكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ له‌وباره‌شدا لای ئێمه‌ خه‌ڵك به‌ پله‌ی یه‌كه‌م دێت.
هه‌ر له‌باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی، وه‌فدی بانكی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وه‌شی خسته‌روو، كه‌ بریاره‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ی لیستی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تیی خێزانی له‌ ده‌شتی هه‌ولێر وه‌ك هه‌نگاوێكی ئه‌زموونی ده‌ست به‌ كۆكردنه‌وه‌ی داتاو پشتراستكردنه‌وه‌ی باری هه‌ژاریی خێزانه‌كانی ئه‌و سنووره‌ كه‌ ژماره‌یان پتر له‌ 1800 خێزانه‌ له‌رێگای پڕكردنه‌وه‌ فۆڕمی زیره‌كه‌وه‌ پرۆسه‌كه‌ ده‌ست پێده‌كات، كه‌ له‌ ئێستادا كادیر و ته‌كنه‌لۆجیای پێویستیش بۆ پرۆسه‌كه‌ جێبه‌جێكراوه‌.
دوای ئاڵوگۆڕكردنی زانیاری و راوێژكردن له‌سه‌ر چۆنیه‌تیی خێراتركردنی پرۆسه‌ی چاكسازیش، سه‌رۆك و جێگری لیژنه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه‌یان خسته‌روو كه‌ پێویسته‌ وه‌فدی بانكی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر هه‌مان پرس له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی یاسایی و لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كۆبوونه‌وه‌كانی درێژه‌ پێبدات و ئه‌وه‌شییان خسته‌روو كه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ پڕۆژه‌ یاسای بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌شت لیژنه‌ی په‌رله‌مانی بكرێت و له‌وباره‌شدا هه‌وڵده‌ده‌ین راسپارده‌ و پێشنیازه‌كانی رێكخراوی بانكی نێوده‌وڵه‌تی له‌و راپۆرته‌ هاوبه‌شه‌ جێبكه‌ینه‌وه‌.   
جێی ئاماژه‌یه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ ته‌لاری په‌رمان به‌ئاماده‌بووونی گه‌شه‌ دارا حه‌فید سه‌رۆكی لیژنه‌ و شیلان جه‌عفه‌ر عه‌لی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ و نه‌جاj محه‌مه‌د ئه‌ندامی لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو.

رۆژمێرى رووداوه‌كان