شاندێكی پەرلەمانی ئێران سەردانی پەرلەمانی كوردستان دەكات

24/09/2016 01:48:00 م

ئەمڕۆ شەممە 24/9/2016 شاندێكی پەرلەمانی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بە سەرۆكایەتی " جەلال حاجی زادە" نوێنەری خەڵكی مهاباد و سەرۆكی فراكسیۆنی" ئەهلی سوننە" لە پەرلەمانی ئێران، سەردانی پەرلەمانی كوردستانی كرد و لەلایەن لیژنەی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنە جیاجیاكانی پەرلەمانی كوردستان پێشوزیی لێی كرا.

لە دیدارێكدا " مەلا ئەنەس مەلا شەریف" ئەندامی لیژنەی ئەوقاف بەناوی پەرلەمانی كوردستان بەخێرهاتنی شاندەكە كرد و ئەم سەردانە بە سەردانێكی گرینگی دۆستانە وەسفكرد و هیوای خواست ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان پەرلەمانی ئێران و پەرلەمانی كوردستان بەرزتر بكرێتەوە و هەماهەنگی نێوان هەردوولادا بتەوتر بكرێتەوە.

لەلایەن خۆشیەوە " " جەلال حاجی زادە" بەناوی سەرۆكی ئەنجومەنی شووڕای ئێران و هەموو ئەندامەكانی رێز و پێزانینی خۆیان ئاراستەی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و جەختی لەسەر پێویستيی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نیوان هەردوو پەرلەمان بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندیی گشتی و دۆستایەتی هەردوو گەلی كوردستان وئێرانی كرد.

هەر لە دیدارەكەدا باس لە رەوشی ئێستای ناوچەكەو شەری دژی تیرۆریستانی داعش كراو، لەم بارەیەوە جەخت لەسەر پێویستيی تاوتوێكردن و كاری هاوبەش بۆ چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕەو و لەناوبردنی تیرۆریستان كرا. دواتر ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بیروبۆچوونی خۆیان سەبارەت بە چەند بابەتێكی پەیوەست بە كێشەكان و پتەوكردنی پەیوەندییەكان خستەڕوو. لە كۆتاییشدا لیژنەی ئەقاف لە پەرلەمانی كوردستان لۆگۆی پەرلەمان وەك دیاری پێشكەش بە شاندی میوان كردو دواتر لە پرێسكۆنفرانسێكدا هەردوولا تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە و مەبەستی سەردانەكەیان خستە ڕوو. 
 
 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ