سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەستخۆشی لە رەوەندە كوردستانییەكان لە ئەورۆپا دەكات

16/05/2016 04:39:00 م

چەند رۆژێكە كوردانی نیشتەجێبووی زۆربەی وڵاتانی ئەورۆپا لەبەردەم پەرلەمانانی ئەو وڵاتانە خۆپیشاندانی گەورە ئەنجامدەدەن بۆ شەرمزاركردنی رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ و داوای پشتگیری وڵاتانی ئەورۆپا دەكەن بۆ ئەنجامدانی رێفراندۆم و دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان.

لە كاتێكدا ئەو رێككەوتنە شوومە شەرمزاردەكەین، ستایشی ئەم جۆرە چاڵاكییە ئاشتیانە دەكەین كە مەبەستیان ئاگاداركردنەوەی ڕای گشتییە لە ئەورۆپا دەربارەی ئاكام و دەرهاوێشتە خراپەكانی ئەو رێككەوتنەی كە بووە هۆی مەینەتەكانی گەلی كوردستان و ناوچەكە بەگشتی بە درێژايی سەد ساڵ.

لەهەمان كاتدا دەستخۆشی لە  رەوەندە كوردستانییەكان لە ئەورۆپا دەكەین و داوایان لێدەكەین ڕووی مرۆیی راستەقینەی كورد پیشانبدەن و هەوڵەكانیان زیاتر بخەنەگەڕ بۆ بتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ پەرلەمانی یەكێتی ئەورۆپا و پەرلەمانانی ئەو وڵاتانە بە تایبەتیش فەرەنسا و بەریتانیا و زیاتر فشاریان بخرێتەسەر بۆ ئەوەی بەفەرمی مەرگی رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ رابگەیێنن و پشتیوانی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان بكەن.

 

 

 

 

 

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان

16/5/2016


رۆژمێرى رووداوه‌كان