پرسی ئالوگۆڕی بازرگانی و چۆنیه‌تیی ناردن و هاورده‌كردنی كاڵا ‌و شتومه‌ك تاووتوێ كرا

16/05/2016 12:39:00 م
به‌ مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی چه‌ند پرسێكی گرنگی تایبه‌ت به‌كاروباری لیژنه‌كه‌، پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2016/5/16، لیژنه‌ی بازرگانى و پاراستنى مافه‌كانى به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتیی ماجد عوسمان بازرگان سه‌رۆكى لیژنه‌ ‌و ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ كۆبۆوه‌.
 له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسی ئالوگۆڕی بازرگانی ‌و چۆنیه‌تیی ناردن و هاورده‌كردنی  كاڵا و شتومه‌ك له‌ ده‌روازه‌كان تاووتوێكرا، به‌ تایبه‌تی لاوازبوونی جموجۆڵی بازرگانی له‌ ده‌روازه‌ى ئیبراهیم خه‌لیل و رووكردنی بازرگانه‌كان بۆ هاورده‌كردنى كاڵا و شتومه‌كه‌كانیان له‌ هه‌ندێ له‌ خاڵه‌كانی باشووری عیراق ‌و تێپه‌ڕبوونیان له‌ كۆنترۆلی جۆری، كه‌ ئه‌مه‌ش وا ده‌كات به‌شێك له‌ بازرگانه‌كان باجی پێویست نه‌ده‌ن به‌ حكومه‌تی هه‌رێم ‌و له‌ هه‌مان كاتدا كاڵاكان پشكنینی پێویستان بۆ نه‌كرێت.
دوای گفتوگۆكردنی ئه‌و پرسه‌ بڕیاردرا لیژنه‌ سه‌ردانی نوسینگه‌كانى كۆمپانیا پشكنه‌ره‌كان ئه‌وانه‌ی كه‌ گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پلاندانان و ده‌سته‌ی كۆنترۆلی جۆری ‌و پێوانه‌سازی ئه‌نجام داوه‌ بكات به‌ مه‌به‌ستی به‌دواداچوونی كاره‌كانیان.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كێشه‌ی كۆمپانیای بابیلۆن كه‌ له‌ رۆژی 2016/3/21 له‌ چاڤی لاند له‌ شاری سلێمانی له‌ كاتی ئه‌نجامدانی كاره‌كانیان  له‌ ئاهه‌نگێكدا به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌ رووبه‌ڕووی كاری ئاژاوه‌گێڕی ‌و تێكدان ‌و سووتاندنی ئامێر ‌و كه‌لوپه‌له‌كانیان بوونه‌وه‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌ بڕیاریدا نووسراوێك ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بكات به‌ مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌مجۆره‌ كاره‌ ئاژاوه‌گێڕییانه‌ و دیاریكردنی لایه‌نی كه‌مته‌رخه‌م و داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كۆمپانیاكه‌ بكرێت له‌لایه‌ن حكومه‌تى خۆجێی سلێمانییه‌وه‌.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ