لیژنه‌ى كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌و دایك و باوكانه‌ كۆبۆوه‌ كه‌ له‌ هاوسه‌ره‌كانیان جیابوونه‌ته‌وه‌

27/04/2016 08:27:00 ص
به‌ مه‌به‌ستى تاووتوێكردن و به‌دواداچوونى بڕگه‌یه‌ك له‌ یاسای بارى كه‌سێتیى ساڵى 1959ى هه‌مواركراو، لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و منداڵ و خێزان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیى شیلان جه‌عفه‌ر جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ ‌و ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌و دایك  و باوكانه‌ى كه‌ له‌ هاوسه‌ره‌كانیان جیابوونه‌ته‌وه‌ كۆبۆوه‌.
سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نیى شارى سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو، شیلان جه‌عفه‌ر جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و منداڵ و خێزان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، تایبه‌ت به‌ سایتی په‌رله‌مانى راگه‌یاند: "كۆبوونه‌وه‌كه‌ بریتى بوو له‌ به‌دواداچوونى بڕگه‌ى چوارى یاسای بارى كه‌سێتیى ژماره‌ 88ى ساڵى 1959ى هه‌مواركراو له‌ هه‌رێمى كوردستان و تاووتوێكردنى ئه‌و ئیشكالیاته‌ى كه‌ له‌په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ساڵى 2015 هه‌مواركرایه‌وه‌ كه‌تایبه‌ت بوو به‌ پێدانی ماف به‌ منداڵ بۆ مانه‌وه‌ی لای دایك یان باوك له‌ كاتی جیابوونه‌وه‌یان له‌ یه‌كتری، به‌ڵام ئه‌و دایك و باوكانه‌ى كه‌ پێش ده‌رچوونى یاساكه‌ ‌و بڵاوبوونه‌وه‌ى له‌ رۆژنامه‌ی وه‌قایعى كوردستاندا، له‌ یه‌كتر جیابوونه‌ته‌وه‌ ئه‌و یاسایه‌ شمولی نه‌ده‌كردن".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "ئه‌وان دوو رێگه‌چاره‌یان هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ داواكارى گشتى و دادگاى ته‌میز و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى جێبه‌جێكردن كۆببنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكرێت ‌و بڕیاریشه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌كه‌یان گفتوگۆى زیاترى له‌سه‌ر بكه‌ن و ئه‌گه‌ر پێویست بكات سه‌ردانى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیدیداره‌كان بكه‌ن تا بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك كه‌ له‌ یاساكه‌دا چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌كه‌ بكات ".

رۆژمێرى رووداوه‌كان