لێژنەی کشتوکاڵ تاووتوێی پلانی شەش مانگی بۆ کەرتی کشتوکاڵ دەکەن

29/03/2016 04:37:00 م
بە مەبەستی تاووتوێکردنی کەرتى کشتوکاڵ و پلاندانان بۆ بەگەڕخستنی، سەعات ١٠ى بەیانیی ئەمڕۆ 2016/3/29 لیژنه‌ی كشتوكاڵ ‌و ئاژه‌ڵداری ‌و ئاودێری ‌و به‌نداوه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوزیی کرد لە د.عه‌بدوڵا عه‌بدولحه‌مید وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی عێراق و شاندێکی یاوەری.
لە دانیشتنێکدا کە لە هۆڵی لێژنەی کشتوکاڵ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەسەر ئەو قەیرانە داراییە کرا کە ئێستا بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، هه‌روه‌ها گرنگیی وەگەڕخستنی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان خرایە به‌ر باس کە چەندین ساڵە پشتگوێ خراوە، هاوکات باس لەوەکرا کە چۆن هەوڵبدرێت بەشێوەیەکی زانستییانە و بە تەکنەلۆژیای سەردەم کەرتی کشتوکاڵ ببوژێندرێتەوە، تاکو ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ داهات.
هه‌ر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پلانی کورتخایەنیش کرا کە چۆن لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا کەرتی کشتوکاڵ بکرێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ داهاتی هەرێمی کوردستان.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەش بڕیاردرا لە ماوەیەکی نزیکدا شاندی میوان بە ئامادەبوونی ئەندامانی پەرلەمان و بەرپرسانی حکومی و پسپۆڕان لە زانکۆکانی کوردستان لە تەلاری پەرلەمانی کوردستان ۆڕک شۆپێک بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامبدەن.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ