شاندێكی په‌رله‌مانى كوردستان سه‌ردانی پارێزگاى دهۆك ده‌كات

16/03/2016 01:53:00 م
رۆژى سێشه‌ممه‌ 2016/3/15، شاندێكى په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ پێكهاتبوو له‌ ماجد عوسمان بازرگان سه‌رۆكى لیژنه‌ى بازرگانى و پاراستنى مافه‌كانى به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان و محه‌مه‌د ئیلخانى ئه‌ندامى لیژنه‌كه‌ ‌و ى ناوبراو كه‌مال یه‌ڵدا جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ی ئاسه‌وار ‌و خزمه‌تگوزارییه‌كانى شاره‌وانى و گواستنه‌وه‌ ‌و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌ردانى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى دهۆك-ی كرد و له‌لایه‌ن سه‌رۆك و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌ن و سه‌رۆكى لیژنه‌كان پێشوازیى لێكرا.
 له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا هه‌ردوولا باسیان له‌ سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى ئابووریى هه‌رێمی كوردستان كرد و گفتوگۆیان له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك پرس و بابه‌تى جیاجیا بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و قه‌یرانه‌ كرد ‌و له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى دهۆك باسیان له‌ هه‌نگاوه‌كانى ئه‌نجومه‌ن كرد بۆ كۆنترۆڵكردنى بازاڕ و داشكاندنى نرخى خۆراك و پێداویستییه‌كانى ژیانی هاووڵاتییان و كاڵا و شتومه‌ك و خزمه‌تگوزارییه‌كان كرد و ئاماژه‌یان به‌و هه‌نگاوانه‌دا كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان دایانڕشتووه‌ بۆ كه‌مكردنی خه‌رجییه‌كانى هاووڵاتییان.
شانده‌كه‌ى په‌رله‌مانیش جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌ر هه‌نگاوێك و میكانیزمێك بۆ هه‌ڵَگرتنى بارگرانى و داشكاندنى نرخ و كه‌مكردنه‌وه‌ى كرێى خانوو و باڵه‌خانه‌ و پیشانگا و دوكانى بازرگانى له‌ چوارچێوه‌ى یاسا و بڕیاره‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان بێت، بۆئه‌وه‌ى   به‌شێوه‌یه‌كى دروست بچێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
 
 
هه‌ر هه‌مان رۆژ شانده‌كه‌ى په‌رله‌مان، سه‌ردانى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازیى شارى دهۆك-ى كرد ‌و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ئه‌یاد حه‌سه‌ن عه‌بدولحه‌لیم سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى ژوورى بازرگانیی دهۆك باس له‌ جموجۆڵى بازرگانى و كار و چالاكییه‌كانى بازرگانان و كۆمپانیاكانى سنوورى دهۆك كرا، هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى رێكخستنى باج و رسوماتى بازرگانى و پیشه‌سازیى هه‌رێم و به‌غدا كرا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و گرفته‌كان و دروستكردنى هه‌ماهه‌نگیى پێویست بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنى ره‌وشى بازرگانى و پیشه‌سازى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستیى كاراكردنى ئه‌رك و چالاكییه‌كانى ده‌سته‌ى پێوانه‌سازى و كۆنترۆلى جۆرى و تاقیگه‌كانى له‌ سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان و ده‌روازه‌ى ئیبراهیم خه‌لیل كرده‌وه‌.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان