داوا له‌ جووتیاران ده‌كرێت كه‌ سه‌مادی جۆری (DAP)نه‌كڕن

07/03/2016 09:44:00 ص
سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2016/3/7، لیژنه‌ی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری ‌و ئاودێری ‌و به‌نداوه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیی یه‌عقوب گۆرگیس یاقۆ سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ‌و سه‌رچاوه‌كانی ئاو له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، باس له‌و جۆره‌ سه‌ماده‌ كرا كه‌ ئێستا له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌فرۆشرێن ‌و به‌شێكی زۆری جووتیارانیش له‌و جۆره‌ سه‌ماده‌یان كڕیوه‌ كه‌ له‌ جۆرى(داپ)ه‌، كه‌ دوای به‌دواداچوون لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و جۆره‌ سه‌ماده‌ جۆرێكی زۆر خراپه‌ ‌و زیان به‌ به‌رووبوومی كشتوكاڵی ده‌گه‌یه‌نێت.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ چۆنیه‌تیی ئاگاداركردنه‌وه‌ى جووتیاران له‌و جۆره‌ سه‌ماده‌ ‌و رێگه‌یگرتن له‌ به‌كارهێنانی كرا ‌و هه‌ردوولا بڕیاریاندا كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌به‌رده‌م كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندندا جووتیارانی هه‌رێمی كوردستان له‌و جۆره‌ سه‌ماده‌ خراپه‌ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌كاری نه‌هێنن.
  
له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا لیژنه‌ی كشتوكاڵ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماه‌ژیان به‌وه‌دا كه‌ دوای به‌دواداچوونێكی ورد بۆ ئه‌و جۆره‌ سه‌ماده‌  كه‌ له‌سه‌ر گونییه‌كه‌ی نووسراوه‌ له‌ وڵاتی ئێران به‌رهه‌م هێنراوه‌ و هه‌نارده‌ی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌ ‌و جووتیاران گله‌یی ئه‌وه‌یان هه‌بووه‌ كه‌ جۆره‌كه‌ی زۆر خراپه‌، بۆیه‌ لیژنه‌كه‌یان نموونه‌ی ئه‌و سه‌ماده‌ی بردۆته‌ هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی توێژینه‌وه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی به‌ مه‌به‌ستی پشكنینی ‌و له‌ ئه‌نجامدا بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ سه‌ماد نییه‌ و خۆڵه‌، به‌ڵكو زیانیشی هه‌یه‌ بۆ به‌ به‌رووبوومه‌ كشتوكاڵییه‌كان.
هه‌ر له‌ كۆنگره‌كه‌دا لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه‌ به‌ پێویستییان زانیوه‌ له‌ رێگای كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه‌ جووتیارانی كوردستان ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌ هیچ جۆرێك ئه‌و جۆره‌ سه‌ماده‌ نه‌كرن ئه‌گه‌ر كڕیویشیانه‌ به‌كاری نه‌هێنن، هه‌روه‌ها هیچ دووكاندارێكیش كڕین و فڕۆشتن به‌و سه‌ماده‌وه‌ نه‌كات.
ئه‌وه‌شیان راگه‌یاند كه‌ نووسراوی فه‌رمی ئاراسته‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و دارایی و كشتوكاڵ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ په‌له‌ به‌دواداچوونی پێویست بكه‌ن تا ده‌ركه‌وێت كه‌ كێ هێناویه‌تی و له‌ كوێوه‌ هێنراوه‌ و چۆنیش هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان كراوه‌.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ