لیژنه‌ی كشتوكاڵ داوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان ده‌كات

22/02/2016 10:28:00 ص
لیژنه‌ی كشتوكاڵ ‌و ئاژه‌ڵداری ‌و ئاودێری ‌و به‌نداوه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ راگه‌یاندراوێكدا داوای چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی ئابوورى ‌و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان ده‌كات.
له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا كه‌ پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2016/2/22،له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان خوێندرایه‌وه‌،  تیایدا ئاماژه‌یان به‌ به‌رده‌وامیی كاره‌كانی لیژنه‌كه‌یان كردووه‌ له‌ رووی به‌دواداچوون ‌و چاودێریكردن ‌و بانگهێشتكردنی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌ت سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی كشتوكاڵ ‌و جووتیاران، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان به‌و قه‌یرانانه‌ كردووه‌ كه‌ به‌رۆكی میلله‌ته‌كه‌مانی گرتووه‌ به‌ تایبه‌تی قه‌یرانی دارایی ‌و ئابوورى، بۆیه‌ له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌یاندا لیژنه‌كه‌ داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ‌و ده‌زگا فه‌رمییه‌كانی تری هه‌رێم ده‌كه‌ن هه‌موو توانایه‌كیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ بۆ چاره‌سه‌ركردن ‌و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه‌ ئابوورى ‌و داراییه‌ی كه‌ رووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بۆته‌وه‌.
هه‌ر له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان داوای پێویستیی ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی  به‌ په‌له‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن ‌و په‌رله‌مان به‌ كلیلی چاره‌سه‌ری یاساییی سه‌رجه‌م گرفته‌كان ده‌زانن، هه‌روه‌ها گرنگیدانی زیاتر ‌و به‌په‌له‌ به‌ كه‌رتی كشتوكاڵ ‌و بووژاندنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌رته‌ به‌ چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ تێپه‌ڕاندنی به‌شێكی گه‌وره‌ى ئه‌و دۆخه‌ ئابوورییه‌ ده‌زانن.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ