بەسەرپەرشتی سەرۆکی پەرلەمان کۆنفرانسی تایبەت بە ئەنفال سازدەکرێت.

02/10/2015 08:11:00 ص
بەسەرپەرشتی و ئامادەبوونی د.یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سکرتێری پەرلەمان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و بەرپرسانی حکومیی دەڤەری گەرمیان، لەشاری کەلار کۆنفرانسێکی تایبەت بە ئەنفال، لە ڕۆژی ١-٣/١٠-٢٠١٥ سازدەکرێت. لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا کە ڕۆژی ٥ شەممە دەستی بەکارەکانیکرد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد.
لە وتارەکەیدا سەرۆکی پەرلەمان وێڕای پشتیوانی لە سازکردن و توێژینەوەی ئەکادیمی لەبارەی کارەساتی ئەنفال و ئەم کۆنفرانسە زانستییانە، ئاماژەی بە ڕەهەندی سیاسی و مرۆییەکانی ئەو تاوانە کرد، لەبەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بە کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان  و کۆتایی هاتنی ویلایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان کرد.
دوابەدوای مەراسیمی دەستپێکردنی کۆنفرانسی ئەنفال، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بەیاوەری سەڵاح کوێخا بەرپرسی ئیدارەی گەرمیان و چەند پەرلەمانتارێک سەردانی زانکۆی گەرمیانی کرد و لەگەڵ سەرۆک و ڕاگری کۆلیژەکانی زانکۆی گەرمیان کۆبوویەوە.
لە کۆبوونەوەیەکدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەڕۆڵ و کاریگەریی زانکۆی گەرمیان کرد لە دۆزینەوەی هەلی کار و دەرچواندنی نەوەیەکی ڕۆشنبیر و خوێندەوار لە ناوچەکەدا، هیوای خواست بە بەرزکردنەوەی توانستی زانستی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ ئاستی زانستی زانکۆی گەرمیان بەرەو پێش بەرن. پاشان سەرۆکی زانکۆ و ڕاگری کۆلیژەکان کۆمەڵێک کێشە و گرفتی زانکۆکەیان بۆ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان خستە ڕوو، داوایان کرد پەرلەمانی کوردستان بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانیان بکات. سەرۆکی پەرلەمانیش بڕیاریدا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ گرفتەکانی زانکۆی گەرمیان بکەن و لایەنە پەیوەندارەکانی لێ ئاگادار بکەنەوە.
ئێواری هەمان ڕۆژ، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە دوو کۆبوونەوەی جیاوازدا لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و تۆڕی ڕێکخراوە خۆبەخشەکانی گەرمیان کۆبوویەوە، لەو دوو کۆبوونەوەیەدا، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی گەرمیان دیالۆگێکی ڕاشکاوانە کراوەیان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سازکرد. کۆمەڵێک ڕەخنە و پرسیاریان لەسەر کاری پەرلەمان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن و کێشە و گرفتەکانی گەرمیان خستە ڕوو، سەرۆکی پەرلەمان بەڕاشکاویی وەڵامی پرسیاری سەرجەم چالاکوانانی مەدەنی دایەوەو ماوەی زیاتر لە دوو سەعات گفتوگۆکە بەردەوامیی هەبوو.
 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ