سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی پاتریارکی ئاشوورییەکانی جیهان کۆدەبێتەوە

30/09/2015 06:05:00 م
د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بە یاوەری چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی کلد و ئاشورییەکانی پەرلەمان، سەردانی مار کۆرکیس، پاتریارکی کڵێسای ئاشوورییەکانی جیهانی لە کڵێسای مار یوحەنا لەعەینکاوەکرد.
ئەمڕۆ  چوارشەممە ٣٠-9-2015  سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان  لەگەڵ مار کۆرکیس، پاتریارکی کڵێسای ئاشوورییەکانی جیهان کۆبوویەوە. لە کۆبوونەوەکەدا  سەرۆکی پەرلەمان پیرۆزبایی لە مارکۆرکیس کرد کە وەک  سەد و بیست و یەکەمین پاتریارکی ئاشوورییەکانی جیهان لە هەولێر دەستبەکار بووە، هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان مەسیحی و موسڵمان و ئاینزاکانی تری هەرێمی کوردستان پەرە پێبدات، چونکە هەمو ئاینزا جیاوازەکان سەدا ساڵە لەم ناوچەیەدا بە ئارامی پێکەوە دەژین."
لە بەشێکی تری وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمان، وتی "هاتنی من بۆ ئێرە، گەیاندنی ئەو پەیامە کە مەسیحییەکان لە کوردستان میوان نین، بەڵکو پێکهاتەیەکی گرنگ و دانەبڕاوی هەرێمی کوردستانن و بەشداری سەرەکین لە پەرلەمان و بزوتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی کۆمەڵگەی کوردی."
دواتر مار کۆرکیس، پاتریارکی کڵێسای ئاشوورییەکانی جیهان، سوپاسی سەردان و پیرۆزباییەکەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی کرد، ئاماژەی بەڕۆڵ و پێکەوە کارکردنی هەمو لایەک کرد لە هەرێمی کوردستاندا و وتی "ئێمە لە ئێستا و لە داهاتوودا پێکەوە دەبین و ئایندەیەکی گەش چاوەڕوانی هەمو لایەک دەکات، دەبێت زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین وکار بۆ سەرخستنی ئامانجە گەوەرەکانمان بکەین."
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان